پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی چەند کەسێک لەنێو شاندی یەکێتیدا هەیە
هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٨، شاندی پارتی سەردانی سلێمانی بکەن و لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆببنەوە، بەڵام بەهۆکارێک کۆبوونەوەکە هێندراوەتە نووسینگەی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر.
ئەوەشی روون کردەوە کە پارتی بە ڕوونی بە یەکێتی و بەرپرسەکانی یەکێتی گوتووە کە ڕازی نین کەسانێک لە کۆبوونەوەی نێوانیان بەشداری بکەن کە هیچ پۆستێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتییان نییە، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی یەکێتی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر کۆبوونەوەکەیان لە سلێمانی بکرێت، ئەو کەسانە بەبێ هیچ پرسێک دەچنە کۆبوونەوەکەوە.
ئەوەش ئاشکرا کرا کە هەر لە پێناو بەشدارینەکردنی ئەو کەسانەی پارتی ڤیتۆی لەسەریان هەیە لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەکە هێندراوەتە نووسینگەی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە هەولێر، لەگەڵ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان و پێشتریش مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەیاندبوو، پاڤڵ تاڵەبانی لە جێگەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایکی و بە نوێنەرایەتیی ئەو بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکات. بەڵام بەشداریکردنی کەسانی دیکەی دەرەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی، تاوەکوو ئێستا پاساوێکی ئەوتۆی بۆ نەهێندراوەتەوە.
باسنیوز
