لە هەولێر هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كۆبوونەوەدان

لە هەولێر هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كۆبوونەوەدان
لە هەولێر هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.


بەپێی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی شاندی پارتی دەکات و یەکێتیش لەسەر ئاستی باڵای مەکتەبی سیاسیی و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن.

لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەڵێت: کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکەوەکارکردنیان لە بەغدا دەکەن، هەروەها ئاسییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و دانانی پارێزگارێک بۆ شارەکە بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت".

پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو کۆکن کە پێکهێنانی سیستەمی نوێی لەسەر بنەمای خاڵبەندی بێت، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، ناگەڕێنەوە بۆ دابەشکردنی پەنجا بە پەنجا بەڵکو بەپێی بنەمای خاڵبەندی بەرپرسیارەتییەکان دابەشدەکەن.

پێشتر دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، کە لەوانەیە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت درێژەنەکێشێت.

دڵشاد شەهاب دەڵێت: "هەموو ئەو پرسانەی وەکو تەگەرەیەکی چاوەڕوانکراو لە حکومڕانیدا لە ئایندەدا پێشبینی دەکرێن لەگەڵ ئەو لایەنانە تاوتوێ دەکەین، کە بەشداری حکومەت دەکەن، بۆ ئەوەی بە کاتێکی گونجاو دەست بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بکەین".

یەکێتی وەک براوەی دووەمی هەڵبژاردن چاوی لە کۆبوونەوەی داهاتوویانە لەگەڵ پارتی، دەشیەوێت دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی خاڵ بێت، کە پارتیش پێشتر هەمان بۆچوونی دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناگەڕێنەوە بۆ پەنجا بە پەنجا.

حاکم قادر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبێت یەکێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکەوە بڕیار بدەن و یەکێتیش جەخت لە سەر شەراکەتی راستەقینە دەکاتەوە و دەیەوێت لە بڕیاری سیاسی، ئابووری و سەربازیدا ئاگاداربێت".

لە نێو ئەو حیزبانەی کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێناوە، تەنیا یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ و حیزبی شیوعی خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە بەشداری حکومەت ناکەن، ئەوانی دیکە چاوەڕێی پارتی دەکەن بۆ ئەوەی دانوستاندنەکانی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات.
پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی لە 3-12-2018ـدا نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانیشی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەربژێرکرد.

لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بە بەدەستهێنانی 45 کورسی، بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 21 کورسی بەدەستهێنا.




رووداو -
Top