حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی هەوڵیداوە مافی کەمایەتییەکان بپارێزێت
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردن لەسەر رەوشی عێراق بەتایبەتی پاش هاتنی چەکدارانی داعش و ئەنجامدانی کردەوەی قێزەونی تیرۆریستی دژ بە کەمایەتییە ئاینییەکان. لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان خستەسەر هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیان و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پێکەوە ژیان لە عێراق. ئەو بابەتانەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا باسیان لەسەر کرا بریتی بوون لە کێشەی کەمایەتییەکان لە عێراق، ماددەی ١٤٠ جێبەجێکردنی و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی کەمایەتییەکان رووبەرووی دەبنەوە.
د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکان لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت خستە سەر هەوڵ و کۆششەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ژیانی کەمایەتییە ئاینییەکان و رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم بە بەردەومی هەوڵیداوە مافی کەمایەتییەکان بپارێزێت و ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان هەیە، ئەو داتا و بەڵگانەی کە لەبەردەستدان سەلمێنەری ئەمەن.
