پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە پێکھێنانی حکوومەت نزیک دەبنەوە

 پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە پێکھێنانی حکوومەت نزیک دەبنەوە
گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی حکوومەت دەست پێ دەکەنەوە و پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە پێکھێنانی حکوومەت لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە، ئەگەر یەکێتی بتوانێ کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلا بکاتەوە، ئەوە پێش سەری ساڵ، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت. پەرلەمانتارێکی پارتییش ئاشکرای دەکا، کە پارتی و یەکێتی مەبدەئییەن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕێک کەوتوون.



ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ھەولێر کۆ دەبنەوە، کە بەپێی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە دۆخی کەرکووک و ناوچەکە و ھەروەھا پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.



وا بڕیاریشە، ھەر لەم ھەفتەیە شاندی دانوستاندنی پارتی بە سەرۆکایەتیی ئازاد بەرواری، سەردانی یەکێتی و گۆڕان بکاتەوە لە سلێمانی، کە بەپێی زانیارییەکان، ئەو شاندەی پارتی کە تایبەتە بە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی فراوانی بۆ لایەنە بەشداربووەکان لە حکوومەت بە دەستەوە دەبێت.



لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگەدار لە گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رای گەیاند، لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان، مەبدەئییەن رێککەوتن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەیە و ئەگەر یەکێتی بتوانێ کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە یەکلا بکاتەوە، ئەوە پێش سەری ساڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەربگرێت، ئەوە لە حکوومەت حەقەبەشی لە پۆستەکان کەم دەکرێتەوە.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییە، پەرلەمان بۆ یەکێتی و جێگری یەکەم بۆ پارتی و جێگری دووەم بۆ پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، لە ناوخۆی یەکێتیدا، کێشە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەیە ھەیە و ھەر یەک لە بێگەرد تاڵەبانی و د. ڕێواس فایەق، کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ئەو پۆستە دەکەن، باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی پشتیوانی لە بێگەرد تاڵەبانی و باڵی کۆسرەت رەسوڵ پشتیوانی لە د. ڕێواس فایەق دەکەن.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، وا بڕیارە حکوومەت و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە یەک پاکێج لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێ بدرێت.



بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، بەرنامەکان وان کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێش سەری ساڵ و کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە مانگی یەکی ساڵی داھاتوو متمانەی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن.



لەم بارەیەوە، رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) راگەیاند، پارتی و یەکێتی و گۆڕان مەبدەئییەن ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت، کە یەکێتی خۆی لە چوارچێوەی کارنامەیەک خستویانەتە ڕوو، گوتی: “وا بڕیاریشە لەم خولەی پەرلەماندا سەرۆکایەتیی پەرلەمان پۆستی سکرتێری نەبێت، بەڵکوو دوو جێگری ھەبێت، یەکەم و دووەم، بەشێوەیەک جێگری یەکەمیان بۆ پارتی و جێگرەکەی دیکەشیان بۆ پێکھاتەکان بێت، ئەمە دوای گۆڕانکاری لە یاسا و پێڕەوی پەرلەمانی کوردستاندا”.



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاشکراشی کرد، جگە لەوەی حزبەکەی ھەوڵی پێدانی ئەو پۆستەی بۆ پێکھاتەکان داوە، لە ھەوڵی ئەوەشدایە، بە ھەمان شێوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش دوو جێگری ھەبێت، لەو حاڵەتەدا ئەگەر دوو جێگری ھەبێت و بکرێت بە خاڵی رێککەوتنی لایەنەکان، ئەوە جێگری یەکەم بۆ یەکێتی و جێگری دووەم بۆ گۆڕان دەبێت.



گوتیشی: “پێشبینییەکان وان، کە پێش سەری ساڵ پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلا ببێتەوە و دواتریش لە مانگی سەرەتای ساڵی نوێدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش متمانە لە پەرلەمان وەربگرێت، وا چاوەڕوان دەکرێت کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان کابینەی نوێی حکوومەت یەکلا بکەنەوە”.



ھاوکات، بڵند ئیسماعیل وەسانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەفتەیە گەڕی دووەمی دانیشتنەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەست پێ دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە پڕۆژەیەکی فراوان کە چەند ئەگەرێکی لەخۆ گرتووە، بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێ بەشداری لە حکوومەتدا بکەن دەخاتە ڕوو.



بڵند ئیسماعیل، گوتیشی: “مەبەستی پارتی لەو پڕۆژە فراوانە کە تیایدا پۆست و حاڵەتەکان خراونەتە ڕوو بۆ کورتکردنەوەی کاتی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە”.



جەختی لەوەش کردەوە، نزیکبوونەوەی باش بۆ پێکھێنانی حکوومەت لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا ھەیە و کێشەی پێکھێنانی حکوومەت تەنیا لەوەدا ماوەتەوە کە یەکێتی و گۆڕان لە داواکانیان بۆ ھەندێ لە پۆستەکان ھاوشێوەن، داوای (یەکێتی)یش زیاترە لە حەقەبەشی خۆی بەراورد بە ژمارەی ئەو کورسییانەی لە ھەڵبژاردن بەدەستی ھێناوە.



لای خۆشیانەوە، پەرلەمانتاری پێکھاتەی تورکمان، مونا قەھوەچی، رای گەیاند، ئەوان وەکوو پێکھاتەی تورکمان داوایان کردووە، لەم خولەی پەرلەمان و حکوومەتدا پۆستێکیان لە سەرۆکایەتییەکان ھەبێت، گوتی: “پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بە حەقەبەشی خۆمان دەزانین و پێمان وایە ئەوە دیموکراسیەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر دەردەخات، کاتێک پێکھاتەکانیش لە ناوەندی بڕیاری کوردستاندا وجوودیان ھەبێت”.



لە لایەنی یەکێتیشەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیدا، لە رۆژی شەمەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی سەردانی سلێمانی دەکات و لایەنەکان پێویستیان بە ڕێککەوتنێک ھەیە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان.



جەختی لەوەش کردەوە، یەکێتی ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دەکات و بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.



پێشتر، بێگەرد تاڵەبانی و د. ڕێواس فایەق جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە، کە ئەوان کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دابوو، کە ئەوان لەم خولەی پەرلەماندا شایستەترن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، چونکە پێشتر پۆستیان نەبووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران لە یاسا و ئەم خولەی پەرلەمان پێویستی بە ئەزموونی ئەوان دەبێت.



گوتیشی: “زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی پشتیوانی لەو دەکەن و پرسی باڵباڵێن لەناو یەکێتی کاڵ بووەتەوە و بەو شێوەیە نییە کە باڵێک پشتیوانی لە یەکیان و باڵێکی دیکە لەوەی دیکەیان بکات، تەنیا بابەتەکە پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی ھەیە”.



باسینوز
Top