وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ ترامپ: وازمان لێبێنن لە وڵاتی خۆماندا ژیانی خۆمان بژین

	 وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ ترامپ: وازمان لێبێنن لە وڵاتی خۆماندا ژیانی خۆمان بژین
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان دەڵێ، پێویستە لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، دەست وەرنەداتە کاروباری فەڕەنساوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ لە دوو تویتدا ڕەخنەی لە حکوومەتی فەڕەنسا گرت لەسەر کەوتنەوەی توندوتیژییەکان لە پاریس.

دۆناڵد ترامپ گوتی "ڕێککەوتنی پاریس بۆ پاریس گونجاو نییە. خۆپیشاندان و کاری تێکدەرانە لە سەرتاسەری فەڕەنسادا ڕوو دەدەن."
گوتیشی "خەڵک نایانەوێت پارەی زۆر بدەن و زۆربەی پارەکانیان بچێت بۆ وڵاتانی چینی سێیەم، لەپێناو پاراستنی ژینگەدا، ئەوان دەڵێن "ترامپمان دەوێت"، چەندم خۆش دەوێن فەڕەنسا."

هەرچی لۆدغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسایە دەڵێ "خۆپیشاندانەکانی چاکەتە سپییەکان ئەوەندەی من بزانم ناڕەزاییدەربڕین نەبوو بە زمانی ئینگلیزی."
گوتیشی ئەو وێنانەی کە لە ئەمەریکا بڵاو بوونەتەوە و تیایدا خەڵک هاوار دەکەن "ترامپمان دەوێت"، ئەوانە چەند مانگێک لەمەوبەر لەمیانەی سەردانەکەی ترامپدا بۆ لەندەن گیراون.
ترامپ لە تویتێکدا گوتوویەتی "ئەمڕۆ ڕۆژێکی ناخۆشە و شەوێکی زۆر ناخۆشە لە پاریس. لەوانەیە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت کۆتایی بە ڕێککەوتننامەی بێمانای پاریس بهێنرێت کە خەرجییەکی زۆری دەوێت و ئەو پارانە بگەڕێندرێتەوە بۆ خەڵک، پارە گەڕاندنەوەکەش بە شێوەی کەمکردنەوەی باج بێت."

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە وەڵامێکدا بۆ سەرۆک ترامپ گوتی حکوومەتی فەڕەنسا لێدوان لەسەر کاروباری سیاسەتی ئەمەریکا نادات و، واشنتنیش دەبێت هەمان شت بکات.
گوتیشی "بە دۆناڵد ترامپ دەڵێم، وەکو چۆن سەرۆککۆماریش پێی دەڵێ، ئێمە دەست وەرنادەینە کاروباری ئەمەریکاوە. وازمان لێبێنن لە وڵاتی خۆماندا ژیانی خۆمان بژین."
گوتیشی زۆربەی ئەمەریکاییەکان دژی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپن بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی کەش و هەوای پاریس.
kdp-
Top