ئەمەریکا ھۆشداری دەدات لە مەترسیی ڕەوشی عێراق
ئەمڕۆ، دووشەممە، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی عێراقییەکان بەسەر گرووپی تیرۆریستیی داعشدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەوشی عێراق سەقامگیر نییە و پێویستە ھاووڵاتییان لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، ھاوکات داواشی لە ھاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە سەردانی عێراق نەکەن. لەوبارەیەوە، دکتۆر شێرزاد زەکەریا، مامۆستای زانکۆ پێی وایە، ھێشتا داعش کۆتایی نەھاتووە و مەترسی ھەیە دووبارە بگەڕێتەوە ھەندێ ناوچەی عێراق.
زەکەریا دەشڵێت: "پێم وایە ھزری داعش مەترسیدارترە لە لایەنە سەربازییەکەی، چونکە ئەو ھزرە توندڕەوە چووەتە نێو مێشکی زۆر کەسی عێراقەوە و دەرھێنانی ئاسان نییە، حکوومەتی عێراق و ھەموو حکوومەتەکان پێویستە کار لەسەر بنبڕکردنی ھزری داعش بکەن، لەبەر ئەوەی بووەتە شێرچەنجەی مێشکی ژمارەیەکی زۆری عێراقییەکان، ڕەنگە بتوانن لە لایەنی عەسکەرییەوە کۆتایی بە گرووپی تیرۆریستی داعش بێنن، بەڵام لایەنە فکریەکەی مەترسیدارە."
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئاھەنگی سەرکەوتنی ھێزە عێراقییەکان بەسەر گرووپی تیرۆریستیی داعشدا دەرباز دەبێت و عادل عەبدولمەھدی لە گوتارێکیدا ڕایگەیاند، ھەموو قوربانیانی تیرۆر قەرەبوو دەکرێنەوە و بەڵێنی ئەوەیشی بە خەڵکی ئەو ناوچانە دا کە پێشتر بەر ھێرشی داعش کەوتوون کە خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت و پڕۆسەی ئاوەدانی دەگەیەننە ھەموو ناوچەکاتی عێراق. سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەیشی بە عێراقییەکان دا کە ھەموو توانایەک دەخەنە گەڕ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "ئاگری داعش خەریکە ھێدی ھێدی سەرھەڵبداتەوە و ئەگەر جارێکی دیکە لە عێراق دەسەڵات بگرێتەوە دەست، زۆر لە جاری پێشوو مەترسیدارتر دەبێت."
بەیاننامەکەی ئەمەریکا دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. یەکەم ئەمەریکا بەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆ دەریکردووە ھەڕەشە لە لایەنە شیعەکانی عێراق دەکات کە گوێڕایەڵی ئەمەریکا بن، ھەروەھا پەیامێکە بۆ عێراقییەکان کە ھێشتا داعش کۆتاییی نەھاتووە و عێراق پێویستی بە ئەمەریکا ھەیە بۆ لێدانی داعش لە عێراق. ئەگەریش ئەمەریکا بۆ لێدانی داعش ھاوکاریی ھێزە عێراقییەکان نەکات، ڕەوشی ئەمنیی عێراق زۆر ئاڵۆزتر دەبێت.
kdp-
