فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ کۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن. کوردستان و کونسووڵی ئەڵمانیا کۆ بووەوە

	 فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ کۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن. کوردستان و کونسووڵی ئەڵمانیا کۆ بووەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە دوو دیداری جودادا لەگەڵ کونسووڵی ئەڵمانیا و کۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن- کوردستان کۆ بووەوە.

ئەمڕۆ، دووشەممە، ڕێكەوتی ١٠/١٢/٢٠١٢، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی پیشوازیی لە كۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن - كوردستان بە سەرۆكایەتیی كینۆشیتا ئەكینابو و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆل و كارەكانی ئەمو كۆمەڵەیە و هاوكاییەكانی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان و ئاوارەكانی شەڕی تیرۆر كە ڕوویان لە كوردستان كردبوو بەرز نرخاند، هیوای خواست ئەم لێكنزیكبوونەوە و پەیوەندییانە لە ئاستی فەرمی و پەرلەمانی و نەتەوەییدا بەرەو پیش بچێت. هەر لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی پوختەیەك لە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئابووری و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بۆ شاندی میوان شی كردەوە.

پاشان كینۆشیتا ئەكینابو، سكرتێری كۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن – كوردستان، وێڕای سوپاس و پیرۆزبایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەك لە كارەكانی ئەو كۆمەڵەیەی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارانی ژاپۆنی ڕوون كردەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیان دابوو و داوای كرد بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بە پێویست دەزانن نوێنەری هەموو فراكسیۆنەكان لە كارەكانی ئەم كۆمەڵەیەدا بەشدار بن كە بۆ بەرژەوەندیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەل پێویست و گرینگە.

لە دیداریكی تردا، هێمن هەورامی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە باربارە وۆڵڤ، كونسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پوختەیەكی باردۆخی سیاسیی كوردستان و گفتۆگۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شی كردەوە.

هەر لە دیدارەكەدا، هێمن هەورامی ڕۆڵی وڵاتی ئەڵمانیای بۆ هاوكاریكردنی پیشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا دەكەین بۆ هاوكاریكردنی هێزی پیشمەرگەی كوردستان، کە پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاریی هاوپەیمانان توانی ئەفسانەی داعش لەسەر زەمین تێك بشكێنێت و بەرگری لە هەموو بەهاكانی مافی مرۆڤ بكات."

پاشان باربارە وۆڵڤ، كونسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، وێرای پیرۆزبایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: ئەڵمانیا هاوكار و پشتیوان دەبێت بۆ هەموو جۆرەهاوكارییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی بەهاكانی مرۆڤایەتی. لە كۆتاییی دیدارەكەدا هەردوولا هاوكاری و پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و كوردستانیان دووپات كردەوە.
kdp-
Top