ئەم مانگە کارەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کۆتاییان دێت
لیوا سالار جەباری، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش چەند ڕۆژێک کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان سەبارەت بە نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئەنجام دا و بڕیارە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە بینای نەخۆشخانەکە کۆتایی بێت، وەکو ئەوەی پێشتر ڕامانگەیاندبوو. بۆیە لەو وادەیەدا تەواو دەبێت و ئەگەر پێویستیشی کرد بە ھۆی بارانبارینەوە چەند ڕۆژێکی دیکەش درێژ دەکرێتەوە."
لیوا سالار جەباری گوتی: "دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، دەست بە دانانی ئامێرەکان لە ناو نەخۆشخانەکەدا دەکرێت، ئەوەش چوار مانگی زیاتر پێویستە، چونکە نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرن دروست کراوە و بڕیار دراوە لە ١/٤ی ساڵی داھاتووەوە ھێزی پێشمەرگە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر بکرێن، چونکە ھەر لە ئێستاوە ڕاھێنان بە کارمەندەکانی دەکرێت، بۆ ئەوەی تا ئەوکاتە ئامادە بن."
گوتیشی: "بیناکە ئێستا تەواو بووە، بەڵام ھەندێک وردەکاریی تەکنیکی پێویستە، ئەوەش بە ھۆی بارانبارینەوە ھەندێک دوا کەوتووە، ئەگەرنا بیانەکە وەکو ھەیکەل ھەمووی تەواو بووە."
پرۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەسەر ڕووبەری ھەزار مەتر دووجا دروست کراوە، گوژمەی پرۆژەکە ٤ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلارە، کە وڵاتی ئەڵمانیا تێچووەکەی لەئەستۆ گرتووە.
kdp-
