هێمن هەورامی و کونسووڵی ئەمەریکا دۆخی کوردستان و عێراقیان خستە بەر باس

 هێمن هەورامی و کونسووڵی ئەمەریکا دۆخی کوردستان و عێراقیان خستە بەر باس
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی سیاسیی كوردستان و گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان کونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان سەردانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی و کونسووڵی گشتیی ئەمەریكا دۆخی سیاسیی كوردستان و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ، یەكشەممە، ڕێكەوتی ٩/١٢/٢٠١٨، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی پێشوازیی لە ستیڤن فەینگ، کونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.

وێڕای بەخێرهاتنی شاندی کونسووڵخانەی ئەمەریكا، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆختەیەك لە بارودۆخی سیاسیی كوردستان و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهینانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستانی شی كردەوە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسیی كوردستان، هێمن هەورامی گوتی، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژداردنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كردووە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: "لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ جاری دووەم لەگەڵیان گفتوگۆ دەكەین لەسەر پێكهێنانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی حكوومەتی هەرێم و وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستان نییە بۆ بەشداربوونیان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق هێمن هەورامی ڕایگەیاند: "ئیستا پەیوەندییەكانمان بەرەو پێش دەچێت پاش ئەوەی سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كردووە بۆ ئەوەی پشتگیریی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بكات و كورد دەیەوێت هاوبەشی سەرەكی و ڕاستەقینە بێت لە حكومڕانیی عێراقدا، هەروەها جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و پێدانی مافەكانی گەلی كوردستان وەك جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و بوودجە و پێشمەرگە و چاکكردنەوەی بارودۆخی ناوچەكانی كەركووك و دەوربەری."

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا، ستیڤن فەینگ، کونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و هیوای خواست پەیوەندییەكانیان بەردەوام بێت. هیوای سەركەوتنی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق خواست.


kdp-
Top