سێ بەرێوەبەرایەتی نوێ لە سنووری شارەوانیی هەولێر دەکرێتەوە

 سێ بەرێوەبەرایەتی نوێ لە سنووری شارەوانیی هەولێر دەکرێتەوە
سێ بەرێوبەرایەتی نوێ لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر دەکرێتەوە و پارێزگاری هەولێریش زانیاری لەبارەی ئەو شارەوانییان ئاشکرا دەکات.

پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، کە ڕێژەی شارەوانییەکانی هەولێر بە بڕیارێکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ نۆ شارەوانی زیاد کراوە.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ڕايگەیاند: ”لە مێژە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری زیادکردنی ڕێژەی شارەوانییەکانی داوە، بڕیارەکەش چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، شارەوانییەکانی کەسنەزان، بنەسلاوە و دارەتوو هەڵوەشاونەتەوە، ئێستا بوون بە بەشێک لە شارەوانییەکانی هەولێر، واتە ئێستا شارەوانیی هەولێر لە شەش شارەوانییەوە بووە بە نۆ شارەوانی“.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەبەر ئەوەی مەودایەکی چۆڵ لە نێوان شارەوانییەکانی نێوان سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر و ئەو شارەوانیانەدا هەبوو، بۆیە لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە بە بەرژەوەندی زانرا، کە ئەو شارەوانییانە هەڵبوەشێنرێنەوە و بکرێنە سەر بە شارەوانی هەولێر.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ”هەمان بەڕێوەبەری شارەوانییەکان لە شوێنەکانیان دادەنرێنەوە“.

سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، لە شەش شارەوانی پێکهاتووە و هەر شارەوانییەکیش سنووری کارکردنی شوێنەکانی بۆ دیاری کراوە و بە کردنەوەی ئەم سێ بەرێوەبەرایەتییە نوێیەش، بەرێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە شەش شارەوانییەوە دەبێتە نۆ شارەوانی.










باسنيوز
Top