مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا باس لە پێکهێنانی حکوومەت دەکەن

 مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا باس لە پێکهێنانی حکوومەت دەکەن
ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٩/١٢/٢٠١٨ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ مارتن وار كونسووڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و هاتنە ئارای قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كرا.

مه‌سرور بارزانی، قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە لەقەلەم دا و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گرتنەبەری دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر پرسە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکرێن و زەمینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێشخستنی وڵات و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان برەخسێنێت.

باڵیۆزی بەریتانیا، وێڕای پیرۆزباییکردن لە مەسرور بارزانی بە بۆنەی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.











باسنيوز
Top