سەرکردەکانی یەکێتی ڕەتی دەکەنەوە جڵەوی حزبەکەیان بدەنە دەست لاهوور جەنگی
لاهوور جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانی، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نووسینێکەوە لە ماڵپەڕی (میللەت)ی سەر بە خۆی کە لەسەر ناوی (سالار سەراوی) بڵاو کراوەتەوە، دوو بژاردەی خستە بەردەم یەکێتییەکان کە یان دەبێت لە ماڵەوە بە نیگەرانییەوە دابنیشن، یانیش ”جڵەوی یەکێتی بدەنە دەست لاهوور جەنگی“. هاوکات کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تەواوی سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیشی جگە لە لاهوور جەنگی بە لاواز و بێتوانا بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکێتی وەسف کرد.
بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی یەکێتی لەو پەیامەی لاهوور جەنگی نیگەرانن و بە سەرەتایەکی خراپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی حزبەکەیانی دەزانن، بە تایبەتیش کە لە پەیامە ناڕاستەوخۆکەدا باس لەوە کراوە کە لاهوور جەنگی هێز و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی زۆنی سەوزدا هەیە، بەڵام ئەو سەرکردانەی یەکێتی بۆ خۆبەدوورگرتن لە درووستبوونی ناکۆکیی زیاتر، لەمبارەیەوە هەڵوێستی ئاشکرایان نیشان نەداوە.
لەمبارەیەوە محەمەد چاوجوان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئەوانەی کە باسی ئەوە دەکەن جڵەوی یەکێتی بدرێتە دەستی لاھوور جەنگی، ئەوە بۆچوونی شەخسییە، بەڵام جڵەوی یەکێتی بەدەستی شەخسێکەوە نادرێت“.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر هەیە لاهوور جەنگی ”خۆی بەوە ڕازی نەبێت کە جڵەوی یەکێتی بدرێتە دەست کەسێکەوە“، بۆیە گوتی: ”پێم باشە جڵەوی یەکێتی لەدەستی ئەوانەدا بێت کە لەناو یەکێتیدا خەباتیان کردووە و خۆیان بۆ یەکێتی ماندوو کردووە و ئەو حزبە بەحزبی خۆیان دەزانن، ھەروەھا ھیچ کات جڵەوی یەکێتی بەتەنھا بەدەستی شەخسەوە نەبووە و یەکێتی بە دەستەجەمعی و بە چەپکە گوڵەکەی ھەڤاڵ مام جەلال ڕۆشتووە بەڕێوە، بۆیە لەناو یەکێتیدا ھیچ کەسێک جڵەوی ناگرێت بە دەستییەوە“.
بە گوتەی حەمە چاوجوان، ھیچ کات یەکێتی بە یەک کەس بەڕێوە نەبراوە، تەنانەت جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی حزبەکە ”بەردەوام ڕاوێژی بە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کردووە“. گوتیشی: ”دواجار کۆنگرەی یەکێتی یەکلایی دەکاتەوە کە ئاخۆ کێ دەبێتە کەسی یەکەمی یەکێتی و جڵەوی ئەو حزبە لای کێ دەبێت؟“.
باسنيوز
