عێراق رۆژانە 139 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە

عێراق رۆژانە 139 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 139 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمدەکاتە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپک) و وڵاتانی بەرهەمهێنەر لە دەرەوەی رێکخراوەکە لەسەری رێککەوتوون.

وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپک)و وڵاتانی بەرهەمهێنەر لە دەرەوەی رێکخراوەکە لەسەروویانەوە روسیا رێککەوتون لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل رۆژانە، ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی نەوت.

بەپێی رێککەوتنەکە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک بڕی 800 هەزار بەرمیل و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە کەمکردنەوەکە دەگرنە ئەستۆ.

لەوبارەیەوە سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بڕیارە رێککەوتنەکە سەرەتای ساڵی داهاتوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق رۆڵێکی کاریگەری و ئەرێنی هەبوو لە گەیشتن بەو بڕیارە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکخراوەکە وەک سعوودیە و ئیمارات، هەروەها رووسیاش رۆڵی ئەرێنی هەبوو لە گەیشتن بەو بڕیارە.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، "عێراق خواستی ئەوەی هەبوو کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی یەک ساڵ بێت، بەڵام وڵاتانی دەرەوەی ئەندام لە ئۆپیک داوایان کرد کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بێت".

رونیکردووەتەوە، پشکی عێراق لەو کەمکردنەوەیە رۆژانە 139 هەزار بەرمیل دەبێت لە بری 220 هەزار بەرمیل کە ساڵی رابردوو پێوەی پابەندبوو.

لە راگەیەندراوەکەی وەزیری نەوتی عێراقدا هاتووە، ئەو کەمکردنەوەیە لای ئەوان پەسندە بەتایبەت نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019 بە 56
دۆلار خەمڵێنراوە وێرای کورتهێنان بەڕێژەی 20 لەسەدا، هەربۆیە پێویستیان بە نرخی باشترە بە کرداری نەک بە پلان.











خەندان
Top