شارەزایەکی بواری نەوت: ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە بەپێی بڕیارەکەی (ئۆپیک)، ڕۆژانە دەبێت عێراق بڕی ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوت کەمتر لە جاران هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، وڵاتانی دیکەش هەریەکەیان بڕێکیان بۆ تەرخان کراوە.
لەمبارەیەوە عەلی بەلۆ، شارەزا لە بواری نەوت، ڕاگەیاند: ھەرێمی کوردستان پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ھەر گۆڕانێک لە بازاڕی نەوت ڕوو بدات، چ ئەرێنی یاخود نەرێنی، کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت".
ڕوونیشی کردەوە کە سیاسەت و ڕەوشی سیاسیی وڵاتان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان هەیە، ئەگینا بە شێوەیەکی گشتی نرخی نەوت ڕوو لە بەرزبوونەوە دەبێت. گوتیشی: ”وڵاتانی ئۆپیک ڕێککەوتن ھەناردەی نەوتیان کەم بکەنەوە، بەمەش نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزدەبێتەوە، چونکە هاوکێشەی خواست و خستنەڕوو لەم بابەتەدا ڕۆڵ دەگێڕێت“.
ئەو شارەزایەی بواری نەوت نەیشاردەوە کە بڕیارەکەی ئۆپیک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەش ”لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، چونکە ھەرێمی کوردستانیش لەو وڵاتانەیە کە نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات".
باسنيوز
