هادی عامری: بوونی پێشمەرگە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان زەروورەتە
هادی عامری ڕۆژی شەممە ٨ی ١٢ی ٢٠١٨، لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیاکارانی عێراقیدا دوا و ڕای گەیاند، لەمڕۆدا بوونی حەشدی شەعبی و مانەوەی لە پێناو سەقامگیریی عێراق زەروورەتە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ”هەر دەستێوەردانێک لە کاری دامەزراوە ئەمنییەکان ڕەت دەکەینەوە“.
هادی عامری ئەوەی نەشاردەوە کە بوونی حەشدی عەشایری (سوننی) و بوونی هێزەکانی پێشمەرگە “لە هەندێک ناوچە” زەوورن.
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح نەیشاردەوە کە لەلایەکەوە ئێران فشاری لێ کردوون و هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی شیعی لە عێراق داوە، لەلایەکی دیکەشەوە سعوودیە و ئەمریکا فشار لەسەر لایەنە شیعییەکان دەکەن، بەڵام “عادل عەبدولمەهدی خۆی کاندیدی بۆ ٨ وەزارەتەکە دیاری کردبووە و تەنانەت فالح فەیازیش کاندیدی عەبدولمەهدی بووە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق”.
ئەم قسانەی هادی عامری لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و ئەو سنوورانەی لە ٢٠١٤ەوە تاوەکوو خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە خوێنی پێشمەرگە پارێزگارییان لێ دەکرا، ئێستاش دەبێت پێشمەرگەی بۆ بگەڕێتەوە.
باسنیوز
