نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز ده‌كات
له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ و دۆست و هاوبیرانی كۆچكردووی كرد و تێیدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز به‌ به‌رهه‌مه‌كانی زیندوو ده‌مێنێته‌وه‌".

نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵی كۆچی دواییی بیرمەند، زانستكار و نووسەری ناوداری نەتەوەكەمان، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەزمان پێگەیشت. بەو بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە ئێوە و هەموو خزم، دۆست و هاوبیرانی مامۆستا جەمال نەبەز دەكەین، لە خوای مەزن داوكارین دڵنەواییی هەموو لایەك بدات. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هه‌ر ئاسانكارى و هاوكارییەك بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنى، ئامادەیە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی دووپات ده‌كاته‌وه‌، "مامۆستا جەمال نەبەز، زانستكارێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، لە بزووتنەوەی هزری و ڕامیاریی كورد، لە ناساندن و پشتیوانیكردن لە شۆڕشی كوردستان، داوا ڕەواكانی میللەتەكەی لە تاراوگە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكانی ئەوروپا و لە بڵاوكردنەوەی بیر و هۆشیاریی نەتەوەییدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، "كتێب و بەرهەمە زۆرەكانی لە بواری هزری و ڕۆشنبیری و زمانەوانیدا، وادەكەن یاد و ناوی پرۆفیسۆر دكتۆر جەمال نەبەز هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە".

ئەمڕۆ شەممە 08/12/2018، جەمال نەبەز، نووسەر، رۆشنبیر و مێژوونووسی ناوداری کورد لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد
k24-
Top