ئیبراھیم برۆ: بڕیارە جارێكی دیكە كۆبوونەوەی ئاستانا ئەنجام بدرێت

ئیبراھیم برۆ: بڕیارە جارێكی دیكە كۆبوونەوەی ئاستانا ئەنجام بدرێت
دوای دوو ڕۆژ لە كۆبوونەوەی بەرفراوانی ئاستانا، ھیچ ئەنجامێكی لێ بەرھەم نەھات، كە بڕیار بوو لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا دەست بە كارەكانی بكات. سەركردەیەكی كوردیش لە نێو دانوستانەكان نەیشاردەوە کە ئەمەریكا ھەڕەشەی ئەوەی كردووە لیژنەكە دەستبەكار نەبێت و لە جنێف بڕیار لەسەر دەستبەكاربوونی لیژنەی دەستوور دەدەن.



لە كۆتاڕۆژەكانی مانگی ڕابردوودا، جارێكی دیکە لایەنەكانی سووریا و وڵاتانی ناوچەكە لە ئاستانا كۆ بوونەوە و بڕیار بوو بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا دەست بە كارەكانی بكات.



ئیراھیم برۆ، سەركردەی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ئاماژەی دا: "ھەموو لایەك چاوەڕێ بوون لە كۆبوونەوەی ڕۆژانی ڕابردووی ئاستانادا بڕیار لەسەر دەستبەكاربوونی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری نوێی سووریا بدرێت، بەڵام لایەنەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەكاندا بە ھیچ ئەنجامێك نەگەیشتن ".



برۆ لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا ئەمەریكا لەگەڵ گرووپ سمۆڵ لە ھەوڵدان و دەڵێن ئەگەر تا بەر لە كۆتاییی ئەمساڵ لیژنەی داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا دەست بە كارەكانی نەكات، ئەوە ئێمە كار بە كۆبوونەوەكانی ئاستانا سۆچی ناكەین و دەگەڕێینەوە بۆ كۆبوونەوەكانی جنێف".



لە ژێر چاودێریی وڵاتانی ناوچەكە، بەر لە دوو ساڵ كۆبوونەوەی وڵاتانی ھەرێمی و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە شاری ئاستانا دەستی بە كارەكانی كرد و تا ئێستا یازدە كۆبوونەوەی بەرفراوان بەڕێوە چوونە. ئەو سەركردەیەی ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێت: "پێم وایە ئاستانا كۆتایی نایەت و خۆم ئەندامی لیژنەی دانوستانی جنێڤم، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا جنێڤ ھیچ ھەنگاوێكی بەرەو پێشەوە نەنانەوە بەرەو چارەكردنی كێشەكانی سووریا، بە پێچەوانەوە كۆبوونەوەكانی ئاستانا بەرھەمدار بوونە و توركیا و ئێران و ڕووسیا توانییان ٩٠%ی شەڕ لە سووریا ڕابگرن".



ئیبراھیم برۆ زیاتر گوتی: "ئێستا كار بۆ كۆبوونەوەی نوێ لە ئاستانا دەكرێت، لەو باوەڕەدام لە كۆبوونەوەی دابێت بڕیار لەسەر دەستبەكاربوونی لیژنەی باڵای دەستوور بدرێت، قۆناغی زۆر پێشكەوتوو نراوە لەبارەی دەستووری سووریاوە، چونكە ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن ئەندامانی خۆمان بۆ لیژنەی دەستووری ئامادە كردووە و ڕژێمی بەشاریش ئەندامانی خۆی ئامادە كردووە، كێشەكە لەوەدایە ڕژێم ڕازی نییە بەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان پەنجا ئەندامی لە نووسینی دەستوورێكی نوێدا بۆ سووریا ھەبێت، لەبەر ئەوەی ڕژێم پێی وایە ئەمە كێشەیەكی ناوخۆی سووریایە و پێویستە ھەر سووریاییەكان خۆیان بەشدار بن لە لیژنەی دەستووریدا".



كورد ژمارەیەك ئەندامی لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری نوێی سووریادا ھەیە و ڕۆڵی دەبێت لە چەسپاندنی مافەكانی كورد لەو وڵاتەدا، ئبیراھیم برۆ نەیشاردەوە كە ئەمەریكا ھەڕەشەی جیددی لە كۆبوونەوەی ئاستانا كردووە و ڕوونی كردەوە: "ئەمجارە ئەمەریكا بە ئاشكرا پێی ڕاگەیاندووین ئەمساڵ لیژنەی دەستوور دەست بە كارەكانی نەكات، دەبێ لە جنێف بڕیاری دەستبەكاربوونی لیژنەكە بدرێت".
kdp-
Top