پارتی: بۆ پێکھێنانی حکوومەت بە یەکچاو سەیری یەکێتی و گۆڕان دەکەین
فرسەت سۆفی ڕايگەیاند: "ئەو لایەنانەی کە ئیرادە و مەیلی بەشداریکردنیان لە حکوومەت ھەیە، ئێمە بە یەکچاو سەیریان دەکەین، ھەروەھا سەردانیان دەکەین و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان ھەوڵ دەدەن حکوومەتی نوێ، بەھێز بێت و لەسەر بنەمای بەرنامە، ڕێککەوتن، ھاوپەیمانێتیی تۆکمە و داڕێژراو کار بکات، ”تاوەکوو بتوانین لە چوار ساڵی داھاتوودا بەیەکەوە بەردەوام بین“.
دووپاتیشی کردەوە: ”پارتی بە یەک مەودا لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لە حکوومەت بکەن، گفتوگۆ دەکات".
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش دا: "ڕاستە دۆخی سیاسی و واقیعی کوردستان دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن، بە ئیرادەیەکی جددی لەگەڵیان دەچینە گفتوگۆوە، واتە ئەوە نییە بڵێین تەنیا لایەنێک گرنگ بێت، چونکە لایەنە سەرەکییەکان کە بەشدار دەبن، لەلای ئێمە گرنگن و تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "پێشتر ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە دەمانەوێت حکوومەت ھی ھەموو لایەک بێت، ئەو لایەنانەش کە بوون بە ئۆپۆزیسیۆن، ڕێز لە ئیرادە و بڕیارەکەیان دەگرین".
باسنيوز
