سەرۆک بارزانی بەدەم بانگەوازی قایمقامی شاری مووسڵەوە دەچێت
پێگەی فەرمیی (بارەگای بارزانی) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ڕۆژی هەینی ٧ی ١٢ی ٢٠١٨، زوھێر ئەعرەجی، قایمقامی شاری مووسڵ، داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە، بە ھانای شاری مووسڵەوە بچێت و یارمەتیی ئاوارەکان و خەڵکی لیقەوماو بدات بەهۆی لافاو و بارانبارینەکانی ئەم دواییە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سەرۆک بارزانی بەدەم ئەو بانگەوازەوە ھات و دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپارد، تاوەکوو بە ھانای ئاوارە و لێقەوماوانی لافاوەکانی ئەم دواییەی شاری مووسڵەوە بچێت.
لەمبارەیەوە رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری نووسینگەی مووسڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕای گەیاندووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا کاروانێکی گەورەی هاوکاری و کۆمەککردنی بەپەلە بۆ دانیشتووانی خێمەکانی (نەمردوون و سەلامییە) دەنێرن.
باسنيوز
