ڕاگەیاندکارێکی یەکێتی: تەنیا لەپێناو سەرۆک کۆمار یەکێتی هەموو شتێکی لەدەست دا

 ڕاگەیاندکارێکی یەکێتی: تەنیا لەپێناو سەرۆک کۆمار یەکێتی هەموو شتێکی لەدەست دا
ڕاگەیاندکارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، “قین و کەللەڕەقی” بۆتە ڕێچکەی سیاسەتی حزبەکەی و تەنیا لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆمار، هەموو شتێکی لەدەست داوە.

ژوان ئەحمەد سەعید، ڕاگەیاندکاری یەکێتی، ڕۆژی ٤ی ١٢ی ٢٠١٨، نووسینێکی بە ناونیشانی (یەکێتی هەموو شتێکی لەدەست دا) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، تەنیا لەپێناو ئەوەی بەرهەم ساڵح بکرێت بە سەرۆک کۆمار، “یەکێتی سەرکێشی بە هەموو بەرژەوەندی و پۆستەکانی خۆی کرد”.

جەختیشی کردووەتەوە کە لە کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراقدا، یەکێتی بە دەستی بەتاڵ دەردەچێت و بانگەشەی ئەوەش دەکات کە پارتی تۆڵە لە یەکێتی دەکاتەوە.

ئەو ڕاگەیاندکارەی یەکێتی بە داخە لەوەی “قین‌ و کەلەڕەقی بۆتە رێچكەی سیاسەتی یەكێتی، لەكاتێكدا یەكێتی لەسەردەمی مام جەلال بەو شێوەیە سیاسەتی نەكردووە”.

لە کۆتاییشدا پێشبینی ئەوەی کردووە کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشدا یەکێتی هەمان چارەنووسی هەبێت، بۆیە دەڵێت: “ئینجا با بەرهەم ساڵح و سەرۆک کۆمارییەکەی پارەنگی ئەو زیانانە بۆ یەکێتی بدەنەوە”.












باسنيوز
Top