لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بەشی VIP لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داخرا
کەمێک لەمەوبەر، پێگەی فەرمیی بارەگای بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، بەشی VIP کە لەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی ١٢ی ٢٠١٨ەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێرەوە کرابووەوە، داخراوە.
پێشتر فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕايگەیاندبوو، لەو بەشی VIPیەدا هەر کەسێک بڕی ١٠٠ هەزار دینار بدات، لە ماوەیەکی کەمدا مامەڵەکەی ڕایی دەکرێت و پێویست ناکات چەند ڕۆژێک چاوەڕوان بکات.
لە بەرامبەر بڕیارەکەی هاتوچۆی هەولێریش، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو کاردانەوە درووست بوو و ناڕازییەکان بە بڕیارێک بۆ درووستکردنی چینایەتی لە کۆمەڵگە و جیاکردنەوەی دەوڵەمەند و هەژار لە یەکتر لێکیان دایەوە.
باسنيوز
