بەهۆی پاڤڵ تاڵەبانییەوە سندوقە ڕەشەکەی یەکێتی دیار نامێنێت

 بەهۆی پاڤڵ تاڵەبانییەوە سندوقە ڕەشەکەی یەکێتی دیار نامێنێت
بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن پاڤڵ تاڵەبانی و هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دلێری سەید مەجید کە بە سندووقە ڕەشەکەی یەکێتی ناسراوە، نیگەرانە و ماوەیەکیشە بەشداری لە دانیشتنەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناکات.

دلێری سەید مەجید، بەرپرسی ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی دوور و درێژە دارایی و داهات و سامانەکانی یەکێتی بەدەستەوەیە و بە پێی فەرمانەکانی جەلال تاڵەبانی و هێرۆ برایم ئەحمەد و سەرکردە باڵاکانی حزبەکەی هەڵیدەسووڕێنێت، بە (سندووقە ڕەشەکەی یەکێتی) ناسراوە. هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا بەبێ ئەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بێت، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیدا دەکرد و لە کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و هەندێک حزبیشدا بەشدار دەبوو. تەنانەت لە کۆبوونەوەیەکی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا، کورسییەکەی دلێری سەید مەجید وەک سەرپەرشتیاری کۆبوونەوە لە نێوان هەردوو شاندی یەکێتی و گۆڕان دراندرا.

ماوەیەکە دلێری سەید مەجید هیچ بەشدارییەکی لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا نەکردووە و بگرە لە کار و چالاکییەکانی حزبەکەیدا بە تەواوی ونە و هیچ دەرکەوتنێکی نییە.

دلێری سەید مەجید لە پشتگوێخستنی لەلایەن پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی نیگەرانە، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی پاڤڵ تاڵەبانی هەوڵ دەدات تەواوی دارایی یەکێتی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئەو کەسانەی کە پێشتر ڕۆڵێکی مامناوەندییان لەنێوان باڵەکانی یەکێتیدا دەگێڕا، دەستیان لە دارایی حزبەکە سنووردار دەکات.

هەر لەمبارەیەوە فەرید زامدار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی کە هاوڕێی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی بووە، ڕايگەیاند: ”دلێری سەید مەجید، پیاوێکی ھەق و ڕەق بووە و ھەرگیز حەزی نەکردووە ھیچ کەسێک لەناو یەکێتی تەداخولی ئیش و کارەکانی بکات، بێگومان ھەرکەسێک تەداخولی ئیش و کارەکانی کردبێت، ئەو نیگەران بووە“.

زامدار بە دووری نەزانی کە دلێری سەید مەجید ”شتێکی بۆ پاڤڵ تاڵەبانی نەکردبێت و پاڤڵ تاڵەبانیش نیگەرانی کردبێت، لە بەرامبەردا دلێری سەید مەجید، ئیستیقالەی کردبێت یان دەوام نەکات“.

ئەو هاوڕێ دێرینەی مام جەلال نەیشاردەوە: ”دلێری سەید مەجید ھەمیشە کەسێکی متمانەپێکراو و نزیکی تاڵەبانی بووە، بەڵام ئێستا بە ھۆکاری ئەوەی پاڤڵ تاڵەبانی، دەسەڵاتی خۆی لەناو یەکێتی بەکار دەھێنێت، ئێستا دەسەڵاتەکانی دلێری سەید مەجید سنووردار کراوە“.











باسنيوز
Top