وڵاتان بۆ بایەخی گازی سرووشتی دەگەڕێنەوە
لەوبارەیەوە، ھێژا شێخ تەھا، شارەزای کەرتی نەوت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی دابێت وڵاتی قەتەر لە ڕێکخراوی ئوپێک دەکشێتەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی نەوت و سیاسەتی وڵاتانی جیھان لەبارەی نەوتەوە دەبێت، چونکە پێشبینی دەکرێت وڵاتی دیکەی بەرھەمھێنەری نەوتیش لە ڕێکخراوی ئۆپێک بکشێنەوە، ھەرچەندە کاریگەرییەکە بەو شێوەیە نابینم کە وەک ھەندێ کەس باسی دەکەن، تەنیا پێشبینی دەکرێت لە دواڕۆژ کاریگەرییەکانی بەدەرکەون."
ئەو شارەزایەی کەرتی نەوت دەشڵێت: "کشانەوە لە ئۆپێک بەو مانەیە دێت ئیدی قەتەر پابەندی ھیچ بڕیارێکی ڕێکخراوەکە نابێت و بە ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ نەوتدا دەکات و دەتوانێ بەرھەمی زیاتر و کەمتریش ڕەوانەی بازاڕ بکات، ئەوەش بەو مانایە دێت پلانی دیکەی لەبەردەستە."
وڵاتی قەتەر دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و لە پلانیدایە زیاتر لە بواری بەرھەمھێنانی گازی سروشتیدا کار بکات. ھێژا تەھا ڕوونی کردەوە: "پلانی قەتەر ئەوەیە پەرە بە بەرھەمھێنانی گازی سروشتی بدات و لەو چەند ساڵەی ڕابردوو کاری لەسەر کردووە، چونکە تا ئێستا ساڵانە ٧٧ ملیۆن تۆن بەرھەمی گازی قەتەر بووە و دەیەوێ ڕێژەی ھاوردەکردنی گازی سروشتی تا ساڵی ٢٠٢٤ بەرز بکاتەوە بۆ ١١٠ ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا."
هەر پەیوەست بەو بابەتە، بێوار خنسی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گازی سروشتی کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت کردووە و شەڕێکی گەورەی وزە لە ناوچەکەدا ھەیە، ئەویش لە لایەن ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا زۆرترین یەدەکی گازی سروشتییان ھەیە کە پێک ھاتوون لە ئێران و جەزائیر و قەتەر و ھەوڵ دەدەن پلانێکی دیکە بگرنە بەر بۆ بەبازاڕکردنی گازی سروشتی و ھەر لە ئێستاوە نرخی گازی سروشتی بەرز بووەتەوە."
ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و مانگی ڕابردوو دوو گەورەکۆمپانیای جیھانی ڕێژەی بەرھەمھێنانی گازی سرۆشتیی هەرێمیان تەنیا لە کێڵگەی کۆرمۆر ٣٠% بەرز کردەوە. ھێژا تەھا گوتی: "ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی وڵاتی قەتەر دەیەوێ لە ساڵی داھاتوودا ڕێژەی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی بەرز بکاتەوە بۆ ٩٠٠ ھەزار مەتر سێجا، بەڵام پلانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٢ ببێتە یەکێک لە وڵاتانی ھەناردەی گازی سروشتی بۆ بازاڕی جیھان، جگە لەوەی ھەموو پێداویستیی ناوخۆی گاز دابین دەکات کە ئێستا دوو ملیار دۆلار خەرجییەکانی ناوخۆیە و دابینی دەکات."
لەبارەی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمھێنانی گازی سروشتیدا، خنسی ئاشکرای کرد: "عێراق وڵاتی دەیەمە لە گازی سروشتی و ئەگەر ڕەوشەکە ئارامی بە خۆیەوە ببینێت ھەرێمی کوردستانیش ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە ھاوردەکردنی گازی سروشتی و لە دواڕۆژدا پێگەی دەبێت لە بازاڕی جیھاندا بۆ ئەوەش ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە، کە ئێستا ھەرێمی کوردستان ٥.٧ تریلۆن پێی مەتر سێجا گازی سروشتی ھەیە کە بەوەش دەتوانێ زۆر کێشەی ئابووری یەکلا بکاتەوە."
kdp-
