شێخی چوێسە: دڵنیاین مەسرور بارزانی دەتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات

 شێخی چوێسە: دڵنیاین مەسرور بارزانی دەتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات
شێخانی چوێسە کە کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی و ھەرێمی کوردستانن، ڕایدەگەیەنین، بنەماڵەی بارزانی بنەماڵەیەکی کورد پەروەر و گرنگی ئەم وڵاتەن و ھەرکەسێکی ئەو بنەماڵەیە پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێت، ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان دەبێت. شێخی چوێسەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دڵنیایە لەوەی مەسروور بارزانی خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکات.

شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری، سەرپەرشتیاری تەکیەی قادری کە بە شێخی چوێسە ناسراوە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و موقەدەست و گرنگی ئەم وڵاتەن و ئەوان ھەمیشە خزمەتی کورد و کوردستانیان کردووە، بۆیە ھەر کەسێکی ئەو بنەماڵە بەڕێزە پۆستێکی حکومەت وەربگرێت، ئەو پۆستە لە بەرژەوەندیی گەلی کورد بەکاردەھێنن و ئامانجیان ئەوەیە کە خزمەتی گەلی کورد بکەن“.

ڕوونیشی کردەوە: "کاندید کردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەکارێکی باش دەزانین و پیرۆزبایی لێ دەکەین، بێگومان ئێمە پێمان وایە کە مەسرور بارزانی، دەتوانێ بە شێوەیەکی باش ئیش و کارەکانی حکوومەتی داھاتوو ڕاپەڕێنێت“.

شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری چوێسە، جەختی کردەوە کە وەک بنەماڵەی شێخانی چوێسە، ”پیرۆزبایی“ لە مەسرور بارزانی دەکەن و پێیان خۆشە کە کاندیدکراوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتووی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ”ھیوادارین مەسرور بارزانی، هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بێت و بتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و کێشەی خەڵکی چارەسەر بکات“.

رۆژی دووشەممە ٣/١٢/٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاندید کرد.













باسنیوز
Top