شێخی چوێسە: دڵنیاین مەسرور بارزانی دەتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات
شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری، سەرپەرشتیاری تەکیەی قادری کە بە شێخی چوێسە ناسراوە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بنەماڵەی بارزانی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و موقەدەست و گرنگی ئەم وڵاتەن و ئەوان ھەمیشە خزمەتی کورد و کوردستانیان کردووە، بۆیە ھەر کەسێکی ئەو بنەماڵە بەڕێزە پۆستێکی حکومەت وەربگرێت، ئەو پۆستە لە بەرژەوەندیی گەلی کورد بەکاردەھێنن و ئامانجیان ئەوەیە کە خزمەتی گەلی کورد بکەن“.
ڕوونیشی کردەوە: "کاندید کردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەکارێکی باش دەزانین و پیرۆزبایی لێ دەکەین، بێگومان ئێمە پێمان وایە کە مەسرور بارزانی، دەتوانێ بە شێوەیەکی باش ئیش و کارەکانی حکوومەتی داھاتوو ڕاپەڕێنێت“.
شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری چوێسە، جەختی کردەوە کە وەک بنەماڵەی شێخانی چوێسە، ”پیرۆزبایی“ لە مەسرور بارزانی دەکەن و پێیان خۆشە کە کاندیدکراوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتووی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ”ھیوادارین مەسرور بارزانی، هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بێت و بتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و کێشەی خەڵکی چارەسەر بکات“.
رۆژی دووشەممە ٣/١٢/٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاندید کرد.
باسنیوز
