بزووتنەوەی گۆڕان: بڕیارمان نەداوە بۆ ھەتاھەتەیە ئۆپۆزسیۆن بین
نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "بڕیاری بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانییەوە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری دا بەشداری لە حکوومەت بکەین، بێگومان ئەوکاتە بەشداری دەکەین و ئەگەر جڤاتی نیشتمانی پێی باش بوو بەشداری لەم کابینەیە نەکەین، ئەوا بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی بەھەند وەردەگرین و بەشداری لە حکوومەت ناکەین“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان بڕیاریان نەداوە بۆ ھەتاھەتایە ئۆپۆزسیۆن بن و بڕیارشیان نەداوە بەھەر شێوەیەک بێت، بەشداری لە حکوومەت بکەین، بەڵکوو ”ئێمە تاوەکوو نەزانین لەگەڵ بەرامبەرەکەماندا داوای چی دەکەین و ئەو داوای چی دەکات، ناتوانین پێشوەخت بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەین“.
لەبارەی ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ بەشداریکردن یان نەکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە حکوومەت، کار لە بڕیارەکەی گۆڕان دەکات؟ ئەو سەرکردەیەی گۆڕان جەختی کردەوە: ”ئێمە و کۆمەڵی ئیسلامی، جۆرێک لە ھەماھەنگیان ھەیە، زۆرجار بۆ ھەندێک پرسی چارەنووسساز ڕاوێژ بە یەکتری دەکەین، بەڵام ئەوان حزبێکی جیاوازن و ئێمەش حزبێکی جیاوازین، بەرژەوەندیی میللەت لەچیدا بێت، ڕەنگە ئێمە بەجۆرێک خوێندنەوەی بۆ بکەین و ئەوانیش بەجۆرێک خوێندنەوەی بۆ بکەن، بەڵام ئێمە تەداخولی ئیش و کارەکانی کۆمەڵی ئیسلامی ناکەین“. گوتیشی: ”جڤاتی نیشتمانی گەورەترین ناوەندی بڕیاردانی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەشداری لەم کابینەیە بکەین، چاوەڕێی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی دەکەین و ئەوکاتە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین“.
باسنیوز
