مەحموود عوسمان پێشنیازی دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێ بۆ مەسرور بارزانی دەکات

 مەحموود عوسمان پێشنیازی دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێ بۆ مەسرور بارزانی دەکات
سیاسەتمەدارێکی کورد ڕای دەگەیەنێت، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا زۆرە، بۆیە پێشنیار دەکات وەزارەتێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بکرێت.



مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لەسەر گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مانەوەی کێشەکان بۆ کابینەکەی مەسرور بارزانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”خۆی هەرێمی کوردستان کێشەی زۆرە و لەگەڵ بەغداش بە هەمان شێوە، بۆیە دوای دانانی وەزارەتەکانی بەغدا و پێکهێنانی حکوومەتی خۆمان لە نێوان هەردوو لا گفتوگۆی جدی دەست پێ دەکات“.



مەحمود عوسمان پێشنیار دەکات کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کاندیدە، وەزارەتێک بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و دەڵێت: ”کاتێک لەگەڵ بەغدا کێشەمان هەبێ، لەو وەزارەتە چارەسەر دەکرێت، لە ڕابردووش دا پەیوەندیمان هەبووە لەگەڵیان، بەڵام بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بووە و دەزگایەکی لێپرسینەوە نەبووە، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان“.



ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژە بەوە دەکات: ”لەگەڵ هەریەکە لە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا کارم نەکردووە، بەڵام بە بۆچونی من هەردووکیان لەسەر ڕێباز و ڕێنمایەکانی کاک مەسعوددا کار دەکەن و دەڕۆن، واتە تیمێکن کە کاک مەسعود سەرپەرشتییان دەکات“.



ئەوەشی دووپات کردەوە کە ”مەسرور بارزانی لە کاروباری ئاسایش سەرکەوتوو بووە و کەسێکی باشە، هەروەها ئێستا لە حکوومەتدا بەتەنیا نییە و کۆمەڵێک وەزیری لەگەڵ دەبێت لە کابینەی نوێ دا“.





باسنيوز
Top