كاركردن لە خاڵە گومركییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و مووسڵ ڕاگیرا

 كاركردن لە خاڵە گومركییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و مووسڵ ڕاگیرا
بەبڕیارێك ڕۆژی سێشەممە 4/12/2018، كاركردن لە خاڵە گومركییەكانی كەركووك-هەولێر و كەركووك - سلێمانی و هەروەها مووسڵ - دهۆك ڕاگیرا.



بەپێی نوسراوێكی دەستەی گشتی گومركی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی گومركی ناوچەی باكوور، كارەكانی خاڵە گومركییەكانی كەركووك- هەولێر و كەركووك-سلێمانی و دهۆك و مووسڵ ڕابگرن و كشانەوەی فەرمانبەرانی خاڵە گومركییەكان بۆ بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گومرك.



لە دوای داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، بە ڕێككەوتن لە گەڵ گرووپێكی خیانەتكار لەسەر داوای راكان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك حكوومەتی عێراق دوو خاڵی گومركی لە نێوان كەركووك-هەولێر و كەركووك-سلێمانی دا دانا، ئەمەش ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە و ئەمڕۆش بڕیاردرا كە كاركردن لەو گومركانە ڕابگیرێ.



ڕاگرتنی كارەكانی ئەو خاڵە گومركییانە دوای چەند كۆبوونەوەیك لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هات.



پێشتر ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی یەكێتیی، ڕاگەیاندبوو، دانانی ئەو خاَڵە گومركیانەی نێوان كەركووك و شارەكانی هەرێم نایاساییە، چونكە بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ یاسای گومركی ساڵی 1984ی هەمواركراو و گرانی خستووەتە ناو بازاڕەوە".



گوتیشی: "هەر هەفتەیەك دوای دانانی ئەو خاڵە گومركیانە لەلایەن كارمەندانی ئەو خاڵە گومركیانەوە سەرپێچی كرا و ئەوان لە گەندەڵییەوە گڵاون".





باسنیوز
Top