داقووق.. جووتیارێكی كورد بە هۆی ئەوەی ڕێگر بوو لە داگیركردنی زەوییەکەی دەستگیركرا
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سنووری داقووق، ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممە 4/12/2018 جووتیارێكی كوردی خەڵكی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی سەر بە شارۆچكەی داقووق بە ناوی عادل ستار لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقەوە لەسەر بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە بەتۆمەتی ئەوەی خەڵكی هانداوە دژی عەرەبە هاوردەكان كە دەیانەوێت زەوی جوتیارانی كورد داگیربكەن".
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەچەند رۆژی رابردوودا دوو جار لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە هەوڵ دراوە كە زەوی جووتیارانی كوردی گوندی یەنگیجەی تاڵەبان داگیربكەن بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندەكەوە ڕێگرییان لێ كراوە و هەروەها دەستگیركراوەكەش زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی هەیە و ڕێگر بووە لەپێش عەرەبە هاوردەكان بۆ داگیركردنی زەوییەكانی.
پێشتر هیوا رەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی ڕاگەیاندبوو، دادوەرێكی شۆڤێنی كە كۆنە بەعسیشە لە داقووق هاوكاری عەرەبە هاوردەكانە بۆ داگیركردنی زەوی جوتیارانی كورد لە سنووری قەزای داقووق".
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو میلیشیاكانی حەدشی شەعبی ناوچە كوردستانییەكانی دەوروەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەوكاتەوە جگە لەوەی دۆخی ئەمنی سنوورەكە نالەبارە، عەرەبە هاوردەكان كار بۆ داگیركردنی زەوی جوتیارانی كورد لە سنوورەكە دەكەن.
باسنیوز
