مەسیحی و توركمان: نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن ھەرێم بەھێزتر بكەن

مەسیحی و توركمان: نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن ھەرێم بەھێزتر بكەن
پێكھاتەی مەسیحی و توركمان، پێشوازی لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی ھەرێم و حكوومەت دەكەن و بە بڕیارێكی باش وەسفی دەكەن، ئەوان پێیان وایە قۆناغی داھاتووی ھەرێم لە سایەی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانیدا، قۆناغی سەركەوتنی ھەرێمی كوردستان دەبێت.

دوێنێ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و تێیدا كاندیدانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی و پۆستی سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی دیاری كرد و، شاندێكی دانوستانیشیان پێك ھێنا بۆ ئەوەی سەردانی لایەنەكان بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی تازەوە.

محەممەد ئیلخانی، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشوازی دەكەین لە دیاریكردنی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكاندا بگەنە رێككەوتن سەبارەت بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ و، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە پارتی دوو كەسایەتیی زۆر بەھێزی بۆ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ھەرێم دیاری كردووە، چونكە ھەردووكیان ئەزموونیان ھەیە لە كاری سیاسی و ئیدارییشدا و لە ماوەی ڕابردوودا سەركەوتنی باشیان تۆمار كردووە".

ئیلخانی گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی سەركەوتنی باش بەدەست بهێنێت، ھەم لە ئیدارەدانی ھەرێم و ھەمیش لە ڕووی دیبلۆماسییەوە، هەروەها مەسروور بارزانییش توانیویەتی ھەرێم بپارێزێت و لە شەڕی داعشیشدا رۆڵێكی بەرچاوی لە تێكشكاندنی تیرۆریستان ھەبوو، بۆیە قۆناغی داھاتووی ھەرێم، قۆناغی سەركەوتنی ھەرێمی كوردستان دەبێت".

لای خۆیەوە، نوێنەری مەسیحیان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان، وەحیدە یاقۆ ھورمز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك پێكھاتەی مەسیحی، پێشوازی لە كاندیدانی پارتی دەكەین و پارتییش كارێكی باشی كردووە كە ئەو دوو كەسایەتییەی بۆ ئەو پۆستانە دیاری كردووە، چونكە ئەو دوو كەسە دەتوانن ھەرێمی كوردستان بەھێزتر بكەن و خەڵكی ئێمەیش زۆر متمانەیان پێیان ھەیە، بۆیە ئەوەی كراوە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبێت".

ھورمز باسی لەوەیش كرد، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن گۆڕانكاریی باش لە ھەرێمی كوردستاندا دروست بكەن و ژیانێكی خۆشتر بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەن، لەبەر ئەوەی ئەو دوو كەسایەتییە ئەزموونێكی باشیان ھەیە و خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستانیشیان كردووە، بۆیە قۆناغی داھاتوو، ھەرێمی كوردستان سەركەوتنی بەرچاو تۆمار دەكات"
kdp-
Top