حكوومه‌تی عێراق خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌ولێر–كه‌ركووك و مووسڵ-دهۆكی هه‌ڵگرت

حكوومه‌تی عێراق خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌ولێر–كه‌ركووك و مووسڵ-دهۆكی هه‌ڵگرت
پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە تەواوی ئەو خاڵە گومرگییانەی لە نێوان كەركووك و مووسڵ و هەرێمی كوردستاندا دانرابوون، لادەبرێن.

بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی پارەوە و بە پێچەوانەی دەستووری عێراق، ژمارەیەك خاڵی گومرگی لە نێوان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی هەرێم هاتنە دانان و، بە گوتەی پەرلەمانتارانیش داهاتەكەیان نەدەگەڕایەوە بۆ حكوومەتی عێراق، بەڵكوو بۆ حەشدی شەعبی بوو.
شێروان جەمال، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای هەوڵ و گوشاری بەردەوامی ئێمەی پەرلەمانتاران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داواكردنمان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق و گەییشتنە رێككەوتنی شاندی هەرێمی كوردستان و بەغدا، بە خۆشحاڵییەوە دوێنێ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری دەركرد بۆ وەزارەتی دارایی تا لە 4ی 12 واتا ئەمڕۆ سێشەممە، تەواوی خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركووك و مووسڵ و هەرێمی كوردستان و سەرجەم ئەو خاڵە گومرگییانەی كە لە نێوان پارێزگاكاندا دانراون، بێنە لابردن كە نادەستوورین‌."‌

دووبەردانی گوتیشی: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش پەیوەندیمان بە بەرپرسی خاڵی گومرگیی مووسڵەوە كرد بۆ ئەوەی بزانین بڕیارەكە كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بە ئێمەی ڕاگەیاند كە سەرقاڵی ئەوەن تۆمار و كەلوپەلی خۆیان هەڵدەگرن و بڕیارەكە چووەتە واری جێبەجێكردنەوە و رێگایان بۆ خەڵكی كردووەتەوە."
kdp-
Top