شارەزایان: پارتی بە کردار کوردستانێکی بەهێز بنیات دەنێت
دوێنێ، دوشەممە (٣-١٢-٢٠١٨)، لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بڕیار درا، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی کاندیدی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بێت.
لەگەڵ ئاشکراکردنی ناوی کاندیدانی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکوومەت، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازییان لەو بڕیارەی پارتی کرد، دوێنێش سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیی حزبەکەی بۆ کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێ، دروشمی کوردستانێکی بەهێز لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە چەندین ڕەهەندی هەیە و حکوومەتی بەهێزیش پێویستی بە بنەمای بەهێز هەیە، بۆیە پارتی دەیەوێ بە بنەمای بەهێزی ئاوەدانی حکوومەتی نوێی بنیات بنێت.
ئیبراهیم شەرەفانی، کە مامۆستای زانکۆی دهۆکە و پسپۆڕی یاسای دەستووری و سیستەمی سیاسییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "بڕوامان وایە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەیەک دەبێت لەسەر بنەمای ئەکادیمی و فەلسەفەی دەوڵەتداری دادەمەرزێت بۆ خزمەتی گەل و وڵات و کوردستانێکی بەهێز."
کوردستان دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکهاتەکان
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە کاری بۆ ئایین و نەتەوە جیاوازەکان کردووە و یەکەم حزبیشە کە نوێنەری ئایینەکانی لەنێودایە. پێوەست بە پێکهێنانی حکوومەت، مونا قەهوەچی، نوێنەرێکی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەمیشە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاربەدەست بێت سەقامگیری لە وڵاتدا هەیە و ئەوەش دەستکەوتێکی هەرە گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان .''
مونا قەهوەچی دەشڵێ: "بە پێویست دەزانین لە حکوومەتی داهاتووی هەرێـمی کوردستاندا تورکمانەکان لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا هەبن و پشکدارییەکی کارایان پێ بدرێت."
لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئێزدییەکان و کاکەییەکان نوینەریان لە پەرلەمان هەیە، کەچی جگە لە پارتی هیچ هێزیکی تر لە کوردستاندا نوێنەری ئەو پێکهاتانەی نییە.
سەرۆک بارزانی هەمیشە لەبارەی پێکهاتەکانەوە ڕایگەیاندووە، دەبێ پێکهاتەکان هەمیشە ڕۆڵی کارایان لە حکوومەت و پەرلەماندا هەبێت، چونکە لە هەموو شۆڕشەکانی گەلی کورددا ڕۆڵیان هەبووە.
بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عیراقیش دەڵێت: : "دوو کارەکتەری سیاسیی بەهێز، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی کە لە ژێر ڕێنماییەکانی مەرجەعی کورد، سەرۆک بارزانی لە میحوەری چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا توانییان لەسەر ئاستی ئاسایش و ئەمنییەت و گەڕاندنەوەی پێگەی هەرێم بە پلان و دیپلۆماسییەت و سیاسەتێکی نەرم جیهان لەسەر پرسەکانیان بێنە دەنگ، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردندا دابووی، بە کردار جێبەجێیان دەکات."
kdp-
