کەنعان خەیلانی: پێشنیارکراوە ماوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە

کەنعان خەیلانی: پێشنیارکراوە ماوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێشنیارکراوە ماوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی پەرلەمانی نوێی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، چونکە ئێستا ناکرێ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.



کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەسەرچووە و پێویستە لە ڕێگەی یاساوە ئەو پرسە چارە بکرێت، بۆیە لە وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەیەک ھەیە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگایەکی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە ئێستا ناکرێ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و ھەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن، لەبەر ئەوەی دۆخەکە لەبار نییە."



کەنعان خەیلانی گوتی: "پێشنیارکراوە ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرلەمانی نوێی کوردستان دوای دیاریکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ھەرێم بە یاسا دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت."



خەیلانی گوتیشی: "ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، یان ھەڵبژاردن بکرێت، یان ڕێگایەکی یاساییی بۆ بدۆزرێتەوە."
kdp-
Top