ڕێبوار تاڵەبانی: پێویستە کورد مادەی 140 لەگەڵ حکوومەتی عێراق یەکلا بکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ٤\١٢\٢٠١٨ بەشێکی زۆر لە جووتیارانی کەرکووک و دەوروبەری، لە ناو شاردا ناڕەزایەتییان لەدژی بڕیارەکانی ڕاکان جبوری و داگیرکارییەکانی عەرەبە هاوردەکان دەربڕی.
ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئەوەی ڕاکان جبووری دەیکات، لە بۆشاییەکی دەستووری و یاساییەوەیە، لە سێ خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقەوە گوتراوە مادەی 140 چارەسەر دەکریت، بەڵام کورد کەمینەیە لە پەرلەماندا و کەمتەرخەمیش لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەکانی سەردەمی ئەنجومەنی مەجلیسی سەورەی سەردەمی بەعس ماوەتەوە".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "کورد کەمینەیە و ناتوانێت ئەوە چارەسەر بکات، چونکە لەناو پەرلەمانی عێراقدا زۆرینە عەرەبە و لەناویشیاندا شیعەن، ڕازی نابن بەوەی کە مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی جێبەجێکردنی ئەو مادەیە تەنیا لە بەرژەوەندیی کورد و هەندێ لە جووتیارە تورکمانەکانە، لە بەرژەوەندی ئەوانی دیکە نییە، هەر بۆیە کەمتەرخەمییان تێدا کردووە".
ڕێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "ئەمجارە کورد دەبێت لەگەڵ حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی مادەی ١٤٠ یەکلا بکاتەوە، بزانێت ئایا نیازی جێبەجێکردنی هەیە، یان نا؟، چونکە ئەگەر ئەمیش لەسەر سیستەمە بەعسیەکەی پێشتر بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە کورد هەڵوێستی هەبێت".
باسنیوز
