ئەسیل نوجەیفی: رێز لە بڕیاری راسپاردنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەگرین

 ئەسیل نوجەیفی: رێز لە بڕیاری راسپاردنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەگرین
سەرکردەیەیکی هاوپەیمانیی قەرار (سوننەمەزهەکانی عێراق) رایدەگەیەنێت، کە رێز لە بڕیاری راسپاردنی جێگری سەرۆکی پارتی و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەت، دەگرن.



ئەسیل نوجەیفی، سەرکردەیەکی باڵای سوننەکانی عێراق رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا بە چاودێریی بنەماڵەی بارزانی و ئەو کەسەی ئەوان دیاری دەکەن، لەسەر ڕێی راست دەڕۆن.



ئەسیل نوجەیفی هەروەها رایگەیاندووە، راسپاردنی هەر کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتەکەی، ”پرسێکی ناوخۆیی کوردییە و ئێمە رێز لە بڕیاری دیاریکردنی سەرکردەکانیان دەگرین“.



ئەو سەرکردەیەی سوننەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کە بنەماڵەی بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ”کاریگەرییەکی بەهێز و گەورەیان لەسەر بڕیاری کورد هەیە“.



رۆژی دووشەممە 3/12/2018، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کرد.



پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12/5/2018، 25 کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا و پلەی یەکەمی حزبە کوردستانییەکانی بەدەست هێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 30ـی ئەیلولی 2018، لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان، 45 کورسی بەدەست هێنا و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو.



ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان لە خولی پێنجەم:



- پارتی دیموکراتی کوردستان، 45 کورسی.

- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 21 کورسی.

- بزووتنەوەی گۆڕان، 12 کورسی.

- نەوەی نوێ، 8 کورسی.

- کۆمەڵی ئیسلامی، 7 کورسی.

- بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی)، 5 کورسی.

- ئازادی، 1 کورسی.

- سەردەم، 1 کورسی.



پێکهاتەکان (ژمارەی کورسییەکانیان جێگیرە):



- تورکمان، 5 کورسی.

- مەسیحی و کلدان ئاشووری، 5 کورسی.

- ئەرمەن، 1 کورسی.





باسنیوز
Top