شێخ جەعفەر: پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی مەسرور بارزانی بین
ئەمڕۆ دووشەممە ٣⁄١٢⁄٢٠١٨، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی ھەرێمی کوردستان کاندید کرد و نێچیرڤان بارزانییش بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند "پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی دەکەم کە کاندید کراوە بۆ پۆستی سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیوادارم لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، چارەسەری ھەموو کێشەکان بکرێ و ئاوەدانی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە و یەکڕیزی میلەتەکەمان ببێتە ئەمری واقیع".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەدا كە ھەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئیشی باش بکرێ و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ھەونیشتمانیاندا بکرێت، بۆیە ئەو ھیوای خواست مەسرور بارزانی لەم کابینەیەدا بتوانێ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.
فەرماندەی یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە كە پێویستە ھەموو لایەک ھاوکاری مەسرور بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی حکومەت بەشێوەیەکی باش ڕاپەڕێنێ، تاوەکو ئەم کابینەیە کابینەیەکی بەھێز بێت و خزمەتی ھاووڵاتیانی کوردستان بکات.
bas news-
