سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە

	 سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەبارەی ھەشت وەزارەتی دیکەی حکوومەتی عێراق کۆ ببێتەوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش زانیاری لەو بارەیەوە دەدات کە کۆبوونەوەکە بۆ دەنگدانە لەسەر ناوی هەشت وەزیر کە ناوەکانیان دیاری کراون.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر ھەشت وەزارەتی دیکەی حکوومەتی عێراق بدات، بەمەش کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تەواو دەبێت."


محەمەد ئەمین فارس گوتی: "تا ئێستا کێشە لەسەر ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ ھەبوو، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە شیعەکان فالح فەیازیان بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و سوننەکانیش سەلیم جبوورییان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری دیاری کردووە، ئەگەر گۆڕانکاریی تێدا نەکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەر دەکەوێت، کە کاندیدەکەی نەوزاد ھادییە و ھەوڵ دەدرێت وەزارەتی دادیش بۆ یەکێتی یەکلایی بکرێتەوە."

محەمەد ئەمین فارس گوتیشی: "پۆستی ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ ھەستیارن و پێویستە بە جۆرێک بن کە ھەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن. ئێمەش وەکو پارتی نابینە تەرەفی ھیچ لایەنێک."
kdp-
Top