عەبدولسەلام بەرواری: پارتی حکوومەتێکی بەھێز دادەمەزرێنێت
لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا پارتی ٤٥ کورسیی بەدەست ھێنا و توانی کۆرسییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان زیاد بکات، بەوپێیەش مافی پێکھێنانی حکوومەتی ھەیە. لەوبارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی ئاشکرای کرد: "پارتی پلانی ھەیە حوکمڕانییەکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و لایەنەکان بەشدار بن لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمجارە کابینەیەکی جیاواز پێک دێت بۆ ئەوەی زیاتر زاڵ بین بەسەر قەیرانەکاندا، لە دواسەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئومێدی زیاتر بۆ کوردستانیان و عێرای پەیدا بووە کە کێشەکان چارەسەر بکرێن."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پلانی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئەوەیە بلۆکی پەرلەمانی دروست بکرێت، ھاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بلۆکی پەرلەمانی لەو فراکسیۆنانە پێک دێت کە بەشدارن لە حکوومەت و لە پەرلەمانیش کار بۆ سەرخستنی حکوومەت دەکەن، چونکە ئەزموونی پێشتر دوبارە ناکرێتەوە، لایەنی سیاسی ھەبێت لە نێو حکوومەتدا بەشدار بێت و لە دەرەوەش دژی حکوومەت کار بکات."
عەبدولسەلام بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شاندی پارتی کە پێک ھاتووە بو دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کار لەسەر ئەوە دەکات کە یەکێتی بەشدار بێت لە پێکھێانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستاندا، چونکە دوو حزبی ھاوپەیمان و ھاوبەشن لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام مەرج نییە ھەموو لایەنەکانی دیکەش بەشداری حکوومەت بن.
kdp-
