گۆڕان: مەسرور بارزانی پیاوێکی سیاسییە و سەرکەوتوو بووە و ئێمە هاوکاری دەکەین
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی ١٢ی ٢٠١٨، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی کاندیدکردنی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لەمبارەیەوە خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە، ڕايگەیاند، پارتی لایەنی براوەیە و ئازادە کاندیدەکەی کێیە.
ڕوونیشی کردەوە: ”مەسرور بارزانی تائێستا کاری حزبی و کاروباری ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و لە بواری خۆیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام کاری حکوومەتی نەکردووە و دەبێت بزانین ئەدای کارکردنی چۆنە و تاچەند سەرکەوتوو دەبێت“.
جەختیشی کردەوە کە مەسرور بارزانی ”پیاوێکی سیاسییە و لە بواری خۆیدا کەسێکی سەرکەوتوو بووە“.
ئەو سەرکردەیەی گۆڕان ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر کارلێکێکی باشی لەگەڵ لایەنەکان هەبێت، ئەوا ”بە دڵنیاییەوە وەکوو گۆڕان هاوکاری دەکەین و پێمان خۆشە کابینەکەی سەرکەوتوو بێت، چونکە پەیوەندی بە کۆی کارەکانی ئێمەوە هەیە“.
لە کۆتاییشدا خەلیل سەرکانی دووبارە باسی لە مەسرور بارزانی کرد و دووپاتی کردەوە: ”پیاوێکی سەرکەوتووە و ئێمەش هاوکاری دەکەین و هیچ گرفتێکمان نییە“.
باسنيوز
