گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی: پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی دەکەین و هەموو هاوکارییەکی دەکەین

 گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی: پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی دەکەین و هەموو هاوکارییەکی دەکەین
گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لە هاوکاریکردنی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٣⁄١٢⁄٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی ھەرێمی کوردستان کاندید کرد و نێچیرڤان بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکەین کە کاندید کراوە بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیوادارین لە پۆستەکەی سەرکەوتوو بێت".

ڕوونیشی کردەوە کە یەکێتی ”هاوپەیمانێتی“ی پارتی دەکات و ڕای گەیاند: ”بێگومان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ئامادەبوونی کاک مەسعود بارزانی و دەرکردنی ھەر بڕیارێک بۆ ھەر پۆستێک، بەتایبەتی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە پێی ڕازین“.

سەعدی پیرە نەیشاردەوە کە پێیوایە ئەگەر ئەوانیش کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت ھەبێت، پارتی ڕازی دەبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەش دا: "مەسرور بارزانی کەسێک نییە زۆر لە دەرەوەی کارەکانی حکوومەت بێت، بەدڵنیاییەوە ئەو ئەزموونانەی کە ھەیەتی لە بوارەکانی دیکەدا بیخاتە خزمەتی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بیگومان لە چوارچێوەی بەرنامەی ھاوبەشی حکوومەت، ئێمە ھەموو ھاوکارییەکی مەسروور بارزانی دەکەین".











باسنيوز
Top