پۆلیسی سلێمانی: حەوت تۆمەتبار دەستگیر کران
ئەمڕۆ سێشەممە 3/12/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "تۆمەتبارێک دەستگیر کرا کە بە چەقۆ ھێرشی کردووەتە سەر ھاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کردووە، ئێستا تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 31-405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".
باس لەوەش کراوە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەش، لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیراوە بەسەر چەند پارچە چەقۆ و بۆکس خەنجەرێکدا.
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە: "دوو تۆمەتبار دەستگیر کران، کە بە ھەردووکیان حەوت فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبووە، ئێستاش بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون".
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دوو تۆمەتباری دیکە دەستگیر کران، کە تۆمەتبارێکیان کەسێکی بە ئۆتۆمبێل شێلاوە و ھەڵاتووە، دواتر لەلایەن ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەراوە دەستگیر کراوە، تۆمەتبارەکەی دیکەشیان فیڵی لە ھاووڵاتییان کردووە و پارەی لێسەندوون".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "لەلایەن بنکەی پۆلیسی تەکیەی سەر بە بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ، دوو تۆمەتبار دەستگیر کران، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبووە بەپێی مادەکانی 443 و 431 لە یاسای سزادانی عێراقی".
باسنيوز
