مانگی نۆڤەمبەر 27 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەتە قوربانی
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری سالی ٢٠١٨ دا، لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان، سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە و پێنج کۆڵبەریش لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ کوژراون کە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات لەو ماوەیەدا ١٧ کۆڵبەریش بریندار بوون کە 10 کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، شەش کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و کەسێکیشان خەڵکی پارێزگای کرماشان بووە.
لەو ڕێژەیە 16 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون و کەسێکیشان بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە بریندار بووە.
زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پیرانشار و بانە بوونەتە قوربانی، چوار کۆڵبەر لە پیرانشار کوژراون و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون، هەروەها دوو کۆڵبەر لە بانە کوژراون و شەش کۆڵبەریش بریندار بوون.
لە کۆی ئەو ٢٧ کۆڵبەرەی کە بوونەتە قوربانی ٢٥ کەسیان کە دەکاتە ٩٣٪ ی ئەو حاڵەتانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، یان بریندار کراون.
باسنیوز
