پارتی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكات

پارتی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكات
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كۆببێتەوە و پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ بكات.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركرداویەتی پارتی، ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێن.

ھەر لەوبارەوە ئومێد خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە مەبەستی تاوتوێكردنی گفتوگۆكانی حكوومەتە، كە شاندی دانووستانكار لەگەڵ لایەنەكان رادەسپێرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان و رەنگە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ھەڵبژێردرێت.

لە 30/9/2018 ھەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، شەوی 20/10/2018، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوكردەوە، لە 30/10/2018، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەند کرد. لەو ھەڵبژاردنەدا پارتی بە بەدەستھێانی 45 كورسی وەك براوەی یەكەم ھەژمار دەكرێت و بۆیە لایەنەكانی دیكە چاوەڕێی پارتی دەكەن بۆ دەستپێكردنی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەت.




K24
Top