بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و كۆنسووڵی بولگاریا كۆ بوونەوە

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و كۆنسووڵی بولگاریا كۆ بوونەوە
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، ئەمڕۆ پێشوازیی لە ڤاسیل ڤەسیلێڤ، كۆنسووڵی نوێی بولگاریا كرد.

لە دیدارەكەدا، ڤاسیل ڤەسیلێڤ، سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی پەیوەندییەكانی كرد كە لە ماوەی پێشوودا هاوكاری و پاڵپشتییان پێشكەش بە كۆنسووڵی پێشوو كردووە و، هەركات پێویست بووبێت ئاسانكارییان بۆ كردووە تاكو بتوانێت كارەكانی ڕاپەڕێنێت و، هیوایشی خواست كە مەكتەبی پەیوەندییەكان هەمان هاوكاری و پاڵپشتی پێشكەش بكەن.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، باس لە هەوڵی وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا كرا كە لە ئامادەكاریدایە تا ئاستی نوێنەرایەتییەكەی بەرز بكاتەوە و، لەو ڕێگایەیشەوە بتوانێت پەرە بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بدات.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باس لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق كرا و، سیوەیلی رایگەیاند كە سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، دەرگایەكی نوێی كردووەتەوە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی: "هیوادارین حیزبە سیاسییەكان و حكوومەتی فیدراڵ سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان و كۆتاییهێنان بە گرژی و ناكۆكییەكان".

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، هەروەها دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە دانوستان و لێكتێگەییشتن كێشە هەڵواسراوەكان چارە بكرێن. دەربارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، هۆشیار سیوەیلی بۆ شاندی میوانی ڕوون كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی پێكهینانی حكوومەتێكی بەهێزە بۆ هەرێمی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزیی ناوچەكە. گوتیشی: "لەو باوەڕەداین لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پێك دەهێندرێت".
kdp-
Top