هۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان: کەرکووک دڵی کوردستانە

	 هۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان: کەرکووک دڵی کوردستانە
ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لێدوانێکی ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووک ڕەت دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە کەرکووک دڵی کوردستانە و ناسنامەی کەرکووکیش ھەر بە کوردستانی دەمێنێتەوە.

ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، دەڵێن، ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووک کێن کە لێدوانی سەرۆک بارزانی ڕەت دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە سەرۆک بارزانی ئاوارە عەرەبەکانی پاراست و فرۆکەی بۆ ناردن تا گواستنییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆچی ئەم ھەڵوێستە مرۆیانەیەیان لەبیر نییە لە ڕۆژانی تەنگانە و زەحمەتدا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئێوە کێن و نوێنەرایەتیی کێ دەکەن تاوەکو لێدوانی سەرۆک بارزانی ڕەت بکەنەوە، کاتێک سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد، کەرکووک ڕەمزی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانە، بەڵام ناسنامەکەی کوردستانییە، بۆیە ئێمە وەکو ھۆزە عەرەبەکان دەڵێین کەرکووک دڵی کوردستانە و ناسنامەکەیشی بە کوردستانی دەمێنێتەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەوانەی لە کەرکووک دەژین بەشێکن لە خەڵکی کوردستان و ئێمە برینی ڕۆڵەکانی خۆمان لە کەرکووک دەبینین کە چۆن لە پێش چاوی ئێوە خوێنی لێ دەچۆڕێ و یەک ھەڵوێستتان نییە دژی ئەو تاوانانەی لە لایەن داعشەوە لە کەرکووک دەکرێن، کەچی ئێستا لێدوان دژی سەرۆک بارزانی دەدەن کە شەرەف و ناموسی ئێوەی پاراست.

لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئەو یاری و کردەوانەی لە کەرکووک دژی کورد دەکرێن ئەنجومەنی عەرەبی لێی بەرپرسیارە، بەڵام ئێوە بچووکن و لە ژێردەستی حەشدی شەعبیدا چەوساوەن و زۆر لەوە بچووکترن لێدوانەکانی سەرۆک بارزانی ڕەت بکەنەوە.
kdp-
Top