یەکێتی بە ڕێککەوتنێکی نهێنی هەوڵی خەڵەتاندنی پەکەکە دەدات
پاش ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بۆ داخستنی بارەگای گرووپ و ڕێکخراوە سیاسییە بێ مۆڵەتەکان لە سنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەرکرد. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، لە پەیامێکدا داوای لە یەکێتی کرد، ”لە هێڵە سیاسییەکەی مام جەلال“ لانەدات و بڕیارەکەشی بە نەیارانە وەسف کرد.
هەر لە دوو ڕۆژی یەکەمدا چەکدارانی پەکەکە لە سنووری شارەدێی سنوونێی سەر بە شنگال، پەلاماری بارەگایەکی یەکێتییان دا و ئاڵای یەکێتییان تێیدا هێنایە خوارەوە.
تەنانەت تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕايگەیاند کە ئەوان ئەگەر پێویست بکات، ”پارێزگاری لە خۆمان دەکەین“.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێتی بە نهێنی لەگەڵ پەکەکە و گرووپەکانی گفتوگۆی کردووە و بەوە ڕازی کردوون کە ئەو بڕیارانەی قوباد تاڵەبانی دەریکردووە، لەژێر فشارێکی گەورەی تورکیا بووە و کاریگەری بەسەر ستراتیژی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایەن نابێت. ئەمەش لە پێناو خەڵەتاندنی پەکەکە لەلایەک و تێپەڕاندنی کاتە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە کاردانەوەی توندی پەکەکە، چونکە یەکێتی دەزانێت لەم کاتەدا پەکەکە باڵادەستییەکی گەورەی لە سلێمانیدا هەیە و پێویستی بە ماوەیەک هەیە تاوەکوو قۆناغ بە قۆناغ هەژموونی پەکەکە لەو سنوورە کەم دەکاتەوە.
هەر لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە، محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕاگەیاندووە کە بڕیاری داخستنی بارەگاکانیان بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە نەک یەکێتی.
ئەو ڕێککەوتنەی یەکێتی بەهۆی ئەوەیە کە پێشتر چالاکوانان و ڕۆشنبیران پێشبینیی ڕوودانی شەڕ و ململانێی سەختیان لە سنووری سلێمانی کردبوو، هەر وەک جەزا چنگیانی، نووسەر ئاماژەی دابوو کە ئەگەر هەیە بەهۆی ئەو بریارەوە، شەڕێکی خوێناوی لە سلێمانی ڕووبدات.
ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان یەکێتی و تورکیا لەئارادایە و لە قۆناغی یەکەمدا یەکێتی بارەگاکانی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دادەخات و پاشان ئەگەر هەیە ڕۆڵی لە قۆناغی هێرشی سەر قەندیل لەلایەن تورکیاوە پێ بدرێت.
باسنيوز
