لە ھەولێر گۆڕانکاری لە خشتەی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکاندا دەکرێت

 لە ھەولێر گۆڕانکاری لە خشتەی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکاندا دەکرێت
سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەھلییەکان لە ھەولێر ئاشکرای کرد کە خشتەی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی 12 گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەھلییەکان لە ھەولێر ڕايگەیاند: "بۆ مانگی 12 خشتەی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان لە 7ی بەیانی تا 8 و 30 خولەکی بەیانی کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتییان دەدرێت، ھەروەھا لە کاتژمێر 1ی نیوەرۆ تا 1ی نیوەشەو، بە مەرجێک لەم کاتانەدا کارەبای نیشتمانی نەبێت، کارەبای مۆلیدە بە ھاووڵاتییان دەدرێت".

لەبارەی نرخی ھەر ئەمپێرێکی کارەبای مۆلیدە لە ھەولێر بۆ مانگی 11، سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەھلییەکان گوتی: "نرخی ئەمپێری کارەبا بۆ مانگی 11 لە نێوان 7 ھەزار و 250 دیناری عێراقی، تا 8 ھەزار و 500 دینار دەبێت".

لەبارەی خشتەی کارەبای نیشتمانیشەوە، حوسێن حەمەد، بەرێوبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ڕايگەیاند: "دیارکردنی کاتەکانی کارەبای نیشتمانی ئاسان نییە، ئەمەش بەھۆی زۆری گیروگرفت لە تۆڕەکانی کارەبادا، لەناو خودی شاری ھەولێر چەند خشتەیەکی کارەبا ھەن، ئەگەر ھیچ گیروگرفتێک ڕووبەرووی بەرھەمھێنانی کارەبا نەبێتەوە، ئەوا 10 بۆ 11 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان دەدرێت".

بەرێوبەری گشتیی کارەبای ھەولێر دەشڵێت: "خشتەی پێدانی کارەبای نیشتمانی دیار نییە و چەند خشتەیەک ھەن، خشتەکانیش بەپێی گەڕەک و شوێنەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".










باسنيوز
Top