نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی جۆرج بوش دەکات

 نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی جۆرج بوش دەکات
بە بۆنەی کۆچی دوایی جۆرج بوشی باوک، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی خانەوادەکەیان و جۆرج دەبلیوو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/12/2018، نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی جۆرج بوشی باوک پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا دەڵێت: "گەلی کوردستان ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ڕۆڵی سەرۆک بوشی باوک ھەیە کە ساڵی 1991 ڕۆڵی سەرەکی لە سەپاندنی ناو‌چەی دژەفرین لە ھەرێمی کوردستان بینی و خەڵکی کوردستانی لە ستەم و دوژمنکارییەکانی ڕژێمی بەعس پاراست و بووە ھۆی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان".

ھەر لە پرسەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "سەرۆک بوشی باوک بۆ ھەمیشە بە ‌زیندوویی لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە".




دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

بەبۆنەی کۆچی دواییی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جۆرج بوشی باوکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان و بەتایبەتی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بەڕێز جۆرج دەبلیوو بوش و دۆست و ھاوڕێیانی دەکەم. لەم کاتە سەختانەدا ھاوسۆز و ھاوخەمیانم، خوای گەورە دڵنەوایی و سەبووریی ھەمووان بداتەوە.

گەلی کوردستان ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ڕۆڵی سەرۆک بوشی باوک ھەیە کە ساڵی 1991 ڕۆڵی سەرەکی لە سەپاندنی ناو‌چەی دژەفرین لە ھەرێمی کوردستان بینی و خەڵکی کوردستانی لە ستەم و دوژمنکارییەکانی ڕژێمی بەعس پاراست و بووە ھۆی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان. سەرۆک بوشی باوک بۆ ھەمیشە بە ‌زیندوویی لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
2ی دیسەمبەری 2018




باسنیوز
Top