نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی جۆرج بوش دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2/12/2018، نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی جۆرج بوشی باوک پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا دەڵێت: "گەلی کوردستان ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ڕۆڵی سەرۆک بوشی باوک ھەیە کە ساڵی 1991 ڕۆڵی سەرەکی لە سەپاندنی ناوچەی دژەفرین لە ھەرێمی کوردستان بینی و خەڵکی کوردستانی لە ستەم و دوژمنکارییەکانی ڕژێمی بەعس پاراست و بووە ھۆی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان".
ھەر لە پرسەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "سەرۆک بوشی باوک بۆ ھەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە".
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
بەبۆنەی کۆچی دواییی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جۆرج بوشی باوکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان و بەتایبەتی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بەڕێز جۆرج دەبلیوو بوش و دۆست و ھاوڕێیانی دەکەم. لەم کاتە سەختانەدا ھاوسۆز و ھاوخەمیانم، خوای گەورە دڵنەوایی و سەبووریی ھەمووان بداتەوە.
گەلی کوردستان ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ڕۆڵی سەرۆک بوشی باوک ھەیە کە ساڵی 1991 ڕۆڵی سەرەکی لە سەپاندنی ناوچەی دژەفرین لە ھەرێمی کوردستان بینی و خەڵکی کوردستانی لە ستەم و دوژمنکارییەکانی ڕژێمی بەعس پاراست و بووە ھۆی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان. سەرۆک بوشی باوک بۆ ھەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
2ی دیسەمبەری 2018
باسنیوز
