گەنجێکی کورد بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و عێراق کارگەیەکی پەین دادەمەزرێنێت
شەماڵ شێخ محەمەد، گەنجێکی دانیشتووی چوارقوڕنەیە، تەمەنی 35 ساڵە، دەرچووی سێی ناوەندییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵ بووە، بەردەوام هەوڵی داهێنانی لەو بوارە داوە، بۆیە لە ساڵی 2014 مۆڵەتی دانانی کارگەیەکی پەینی ئەندامی وەردەگرێت، لە ساڵانی (2015 - 2016)، خەریکی دروستکردنی کارگەکە بووە و کەوتووەتە سەر کار، بە یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی لە کوردستان و عێراق دادەنرێت و هەلی کاریشی بۆ زیاتر لە 10 کەس رەخساندووە.
ئاماژە بە سەرەتای بیرۆکەی دانانی ئەو کارگەیە دەکات، کە لە ئێران بینیویەتی، دواتر خۆی هەر کێڵگەی پەلەوەری هەبووە، بۆ ئەو پەینەش پاشەڕۆکانی پەلەوەر گونجاوە، بۆیە بڕیاری ئەوەی دا کە ئەو کارگەیە دابمەزرێنێت. باس لە جۆری پەینەکەشی دەکات، کە جۆری ئەندامییە و بە شێوەیەکی گشتی زۆر لە پەینی کیمیایی باشترە، گوتیشی: ”ئەو پەینەی ئێمە، لە پەینە هەر باشەکانە و دۆستی ژینگەیە، چونکە هیچ مادەیەکی کیمیایی تێدا نییە و 100% سروشتییە، تەنیا دوو هۆکاری هەیە کە رەواجی ئەو جۆرە پەینانە کەم بێت، ئەمەش لە هەموو جیهان وایە، چونکە یەکەم جۆرە بۆنێکی هەیە، دووەم کاریگەرییەکانیان درەنگ دەردەکەوێت و هێواش و لەسەرخۆیە، چونکە ئەو پەینە سەرەتا کار لەسەر خاکەکە دەکات و خاکەکە بەهێز دەکات“.
ئەو، کارگەیەکی پەینی ئەندامیی کە بارووت، یاخود پلێتی پێ دەڵێن، داناوە و بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی، بەهۆی شێوەکەی وەک بارووتە، بەڵام ناوە زانستییەکەی پلێتە، کارگەی شەماڵ لە شارەدێی سکتانی سەر بە شاری کۆیەیە، تەنی پەینە ئەندامییەکەی شەماڵ بە کۆ، 275 هەزار دینارە، بە گەیاندنەوە تا 300 هەزار دینار دەڕوات، لە کوالێتییەکەیشی لە پەینی ئەندامی ئیتاڵی، کە لە کوردستان رەواجی هەیە، باشترە، لە نرخیش هەرزانترە: ”بەگوێرەی ئەزموونی ئەو جووتیارانەی بەکاریان هێناوە، ئەوەی من باشترە، سەرباری هەرزانیی نرخەکەی، کە نرخی ئیتاڵییەکە چوار بە قەد نرخی پەینەکەی ئێمەیە، کە بە یەک ملیۆن و 300 هەزار دینارە، بۆیە لەو جۆرەی خۆم، رکابەریی هەموو پەینەکانی بازاڕم کردووە، بەشێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە دەرەوە هاوردەیان دەکرد، ئێستا لای من پەین دەبەن“.
شەماڵی خاوەن کارگەی پەینی شەماڵ، ئاشکراشی کرد، کە بەگوێرەی خواست رۆژانە بەرهەمی دەبێت، ئێستا رۆژانە لە سەعاتێکدا 2 تەن پەینی ئەندامیی بەرهەم دێنێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە، کە لەگەڵ بازاڕدا دەڕوات، ئەگەر بازاڕ و خواست لەسەر بەرهەمەکەی باش بێت و حکوومەت رێگریی لە هاوردەکرنی پەینی دەرەوە بکات، ئەوا دەتوانێت، ئاستی بەرهەمەکەی بۆ 10 تەن لە سەعاتێکدا بەرز بکاتەوە.
لەبارەی پاڵپشتیی حکوومەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە پاڵشتیی حکوومەت تەنیا لە مۆڵەتدانەکەی بووە، هیچی دیکە پاڵپشتیی نەکردووە، تەنانەت زەوییەکەش خۆی کڕیوەیەتی و بۆی دابین نەکردووە، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکات، کە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پەینەکەی لە رووی نرخەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە دەڤەری سلێمانی و راپەڕین، پاشەڕۆکانی کێڵگەکانی پەلەوەر نافرۆشرێتەوە، بەڵکوو دەبەخشرێ، بەپێچەوانەی هەولێر و بادینان، باسیش لەوە دەکات، کە ئەگەر لە سنوورەکان رێگریش لە پەینی دیکە نەکرێت، لەوەتەی پەینە ئەندامییەکەی خۆی خستووەتە بازاڕ، ئەوا ئێستا خەڵک و بازرگانان خۆیان پەینی بیانی ناهێنن، نرخی پەینەکەی من چوار بەرامبەر هەرزانترە و کوالێتیی باشترە، ئێمە تاکە کارگەین لە هەموو عێراق، ئێستا بۆ خوارووی عێراقیش پەینی ئەندامی دەنێرین“.
دەشڵێت: ”پار و پێرار، یەک جۆر پەینی ئەندامییم هەبوو، ئێستا نزیکەی چوار جۆرم هەیە، جگە لە پەینی شل و لە دوو جۆر هیومیک، لەم زووانەش جۆرێکی دیکە بەرهەم دێنین لە (NPK)، کە فسفۆڕ و نایترۆجین و پۆتاسیۆمە، کە هەر سێ توخمە سەرەکییەکەیەتی و هاوسەنگی دەکەین“.
bas news -
